رووداو دیجیتاڵ
لە کانێکی خەڵووزی بەردین لە قەزای کیلیملی سەر بە پارێزگای زۆنگوڵداک لە باکووری تورکیا، تەقینەوەیەک روویدا. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە ئەمرۆ هەینی، 23-10-2026 لە کانێکی خەڵووزدا لە ناحیەی گەلیک روویداوە، کە بەهۆی قەتیس بوونی گازی میسان لە قووڵایی نزیکەی 40 مەتردا تەقیوەتەوە.
دوای تەقینەوەکە، کرێکارانی دیکە توانییان بەشێک لە کرێکارە بریندارەکان بهێننە دەرەوە. لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە زۆنگوڵداک.
بۆ رزگارکردنی کرێکارەکانی دیکە، کە لەنێو کانەکەدا گیریان خواردبوو، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن دەستیپێکردووە. تیمەکانی رزگارکردنی و تەندروستیی جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
دوای رووداوەکە تورگوت سوباشی، یاریدەدەری پارێزگاری زۆنگوڵداک، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند، "رووداوەکە کاژێر 10 بەیانی لە کانێکی خەڵووزی بێ مۆڵەت روویداوە".
سوباشی ئاشکرای کرد، کانەکە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن خاوەنەکانییەوە بە نایاسایی کرابووەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، لە رووداوەکەدا 3 کرێکار گیانی لەدەستداوە و 5 کرێکاریش بریندارن و تەندروستیی دوویان سەختە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند، لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ لیکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمی و هۆکاری رووداوەکە پێکهێنراوە.



