رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ برۆکسل رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە دەریاییەی لە ساڵی 2019 لە نێوان تورکیا و لیبیادا واژۆکراوە، لە رووی یاسایی و سیاسییەوە "بە تەواوی یاساییە" و هیچ پێویست ناکات مشتومڕی لەسەر بکرێت.
ئەم لێدوانەی فیدان دوای ئەوە هات کە پەرلەمانی لیبیا یاداشتنامەی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی پەسند کرد. فیدان ئەمەی بە "دەستکەوتێکی دیپلۆماسی" ناوبرد و گوتی ئەمە نیشانەی متمانەی لیبیایە بە تورکیا. سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکەش، فیدان گوتی، هەندێکیان تەنیا لەبەر پێویستی وەڵام دەدەنەوە و هەندێکی دیکەشیان نیگەرانیی ستراتیجییان هەیە.
فیدان لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ بەرپرسانی بەلجیکا، ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا هەبوو.
فیدان کۆبوونەوەی هاوبەشی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە، داد و ناوخۆی تورکیا و بەلجیکا کرد و باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد، بەتایبەت دوای سەردانی سەرکەوتووی شاژنی بەلجیکا بۆ تورکیا.
هەروەها لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆش کۆبووەوە و باسیان لە جەنگی ئۆکراینا، دۆخی کەنداو و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لووتکەی پێشووی ناتۆ کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئۆرسولا ڤۆن دێر لیێن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە. لەم دیدارەدا باسیان لە بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەورووپا، دۆخی تەنگەی هورمز، تەنگەی بابولمەندەب، کێشەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەش و پرسی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپادا کرد.



