رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دووەمی کارگێڕیی ئامەد ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە دژی پەسندنەکردنی بڕیاری شارەوانیی گەورەی ئامەد لەلایەن پارێزگاوە تۆمار کرابوو و مەبەست لێی ناونانی شەقامێکی سەرەکییە بەناوی شێخ سەعیدی پیران.
دوای ئەوەی گەورەشارەوانی ویستی شەقامێکی سەرەکیی ئامەدی باکووری کوردستان بە ناوی شێخ سەعیدەوە بکات و پارێزگا رەتیکردەوە، دۆسیەکە گەیێندرایە دادگەی کارگێڕیی ئامەد و سێشەممە 20-10-2026 بڕیاری لەسەر درا.
دادگەی دووەمی کارگێڕیی ئامەد، سکاڵای کۆمەڵەی پەروەردە، کولتوور و پشتیوانیی شێخ سەعید و بنەماڵەکەی رەتکردەوە و بڕیارەکەی پارێزگای بۆ پەسندنەکردنی ناونانەکە بە یاسایی دانا.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئامەد کە ساڵی 2011 بۆ ناونانی شەقامە سەرەکییەکە پەسندی کردبوو، لەلایەن پارێزگاوە پەسند نەکرا.
بڕیارەکە دوای کاردانەوەی چەند گرووپێکی شۆڤێنی، ببووە جێی مشتومڕ. دادگە بە پاساوی 'دروستکردنی دووجەمسەری و جیاکاریی کۆمەڵایەتی' رەتیکردەوە.
لە بڕیاری دادگەدا هاتووە، "ئەو ناوانەی لە شوێنە گشتییەکان دەنرێن، پێویستە ئەو ناوانە بن کە لەلایەن رای گشتییەوە قبووڵکراون و نەبنە هۆی دروستبوونی جیاکاری و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی."
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئامەد رۆژی 29ی تشرینی دووەمی 2011، بڕیاری دابوو شەقامە سەرەکییەکە بەناوی (شێخ سەعید)ــەوە بکات. رۆژی 5ی کانوونی یەکەمی 2011 بڕیارەکە بۆ پەسندکردن رەوانەی پارێزگای ئامەد کرا، بەڵام پەسند نەکرا.
دادگە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە مێژووییەکانی نێو دۆسیەکە و راپۆرتی پسپۆڕان، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە شێخ سەعید وەکو سەرکردەی راپەڕینەکەی ساڵی 1925 دادگەیی کراوە و لەسێدارە دراوە.
دادگە بە پشتبەستن بەم هەڵسەنگاندنانە گەیشتە ئەو ئەنجامەی ناوەکە "سیفەتی ئەوەی تێدا نییە لەلایەن تەواوی رای گشتییەوە قبووڵ بکرێت" و دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی دووجەمسەری لە کۆمەڵگەدا.
ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئامەد رۆژی 13ی شوباتی 2025 بڕیاری دابوو شەقامەکە بێ ناو بمێنێتەوە. دواتر ئەنجوومەنەکە رۆژی 18ی نیسانی 2025 بڕیاری دا ناوەکە بکاتە (ئۆزگورلوک) کە بە مانای ئازادی دێت. پارێزگاش رۆژی 7ی ئایاری 2025 ناوە نوێیەکەی پەسند کرد.
دادگە هاوکات لەگەڵ بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵاکە، بڕیاری دا داواکاران بڕی هەزار و 683 لیرەی تورکی (نزیکەی 35 دۆلار) وەک خەرجیی دادبینی لە ئەستۆ بگرن و 30 هەزار لیرەش (نزیکەی 600 دۆلار) وەک کرێی پارێزەری بدەنە پارێزگای ئامەد.
رێگەی تانەلێدان لە بڕیارەکەش لە دادگەی پێداچوونەوە بە کراوەیی هێڵدرایەوە.



