رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، رایگەیاند: ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" بەدی نایەت ئەگەر ناوچەکەش لە "تیرۆر" پاک نەکرێتەوە. راشیگەیاند، سەردانی وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ ئەنقەرە لە مانگی ئەیلوول و ناردنی پەیامێکی روون بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پژاک و هێزەکانی سەر بە پژاک، ئەگەر ئەمە روو بدات، هەنگاوێکی گرنگتر لە پرۆسەی ئاشتی ناوچەیی بەدی دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20-10-2026 دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەیدا لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری کە لە تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناسراوە و چەند پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا کرد.
"ئاسایشی تورکیا بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ"
باخچەلی رایگەیاند: "لەو پرۆسەیەدا، هێندەی پێداگری گرنگە، ئەقڵیش گرنگە؛ هێندەی ئاسایش گرنگە، یاساش گرنگە؛ هێندەی دەسەڵاتی دەوڵەت گرنگە، رەزامەندی و متمانەی کۆمەڵایەتیش گرنگە."
سەرۆکی مەهەپە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو "پێکهاتە چەکدارییانەی" لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیان، هێندەی سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ تێکدەدەن، هێندەش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا گوتی: "بۆیە ناتوانین ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر لە دیدگای ناوچەی بێ تیرۆر جیا بکەینەوە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەی چارەسەری، باخچەلی گوتی: "لە کەشێکدا کە تورکیا بە سەرکەوتنە ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکانییەوە دەرکەوتووە، ئامانجەکانی 'تورکیای بێ تیرۆر' و 'ناوچەی بێ تیرۆر' جێبەجێ دەکرێن، هیچ هەوڵێک بۆ تێکدانی کەشی ئارامی و ئاسایش قبووڵکراو نییە."
لە گوتارەکەیدا باخچەلی ئاماژەی بە پێشهاتەکانی سووریا و عێراقیش دا و بە هەنگاوی ئەرێنی و ئۆمێدبەخش ناوی بردن بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە.
باخچەلی داوایەکی روونی ئاراستەی زانکۆکان کرد و گوتی: "دەبێت زانکۆکانمان کارە زانستییەکانیان بە جۆرێک رێکبخەن کە وەڵامدەرەوەی کێشە قووڵەکانی وڵات و چاوەڕوانیی گەلەکەمان بن بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر. پێویستە زانایانمان لە کارەکانیاندا کێشە کۆمەڵایەتییەکان بخەنە پێشینە و رێگەچارە بەرهەم بهێنن و پێشکەشی دەوڵەتی بکەن."

