رووداو دیجیتاڵ تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێیان کرد و دوای کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی تەنیا پەیوەست نییە بە دوو پارتەوە و پێویستی بە پشتیوانیی هەموو لایەنەکانە. ئۆزگور ئۆزەلیش باسی لە "وەستان لە شوێنی دروستی مێژوو" کرد. ئەمڕۆ دووشەممە، 19-10-2026، شاندێکی باڵای دەم پارتی لە بارەگای سەرەکی پارتی نوێ لە ئەنقەرە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە. ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی دەم پارتییە لەسەر ئاستی باڵا بۆ لای پارتیی نوێ کە لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا دامەزرا. لە کۆبوونەوەکەدا کە باس لە قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە کرا، دوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ئەنجامدا. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، سوپاسی هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزەل و پارتەکەی کرد و رایگەیاند: "لەگەڵ یاسای چوارچێوە، ئێمە چاوەڕێی قۆناخێکی نوێین. ئەم پرۆسەیە تەنیا لەنێوان دوو پارتدا بەڕێوەناچێت، بەڵکو پەیوەندیی بە ئاشتی و دیموکراسیی وڵاتەوە هەیە و پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. پارتی نوێ هەمیشە رۆڵێکی بنیاتنەرانە و ئەرێنی گێڕاوە. سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانەی لەسەریان بوو، ئەوان لە شوێنێکی دروست و باشدا وەستان." لەلایەن خۆیەوە، ئۆزگور ئۆزەل پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپاتکردەوە و گوتی: "کۆتاییهێنان بە تیرۆر، دانانی چەک و نەهێشتنی پێکدادانەکان، زیانی بۆ هیچ کەسێک نییە کە لەم خاکە دەژی. ئەمە بۆ پێکەوەژیانی برایانەی هەموو پێکهاتەکان گرنگە. ئێمە لە یەکەم رۆژەوە گوتوومانە پێویستە لە لایەنی دروستی مێژوودا بووەستین و ئەمڕۆش هەمان هەڵوێست دووپات دەکەینەوە." لە کاتی دەنگدان بە پرۆژە یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتیمان و یەکریزی کۆمەڵایەتی- کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، پارتی نوێ پەرلەمانتارانی سەرپشک کرد لە چۆنیەتی دەنگدان بە یاساکە. لە کۆی 93 پەرلەمانتاری ئەو پارتە، 54 دەنگی "نەخێر"، 35 دەنگی "بەڵێ" بە یاساکە درا و دوو لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتەش بەشداری دەنگدانیان نەکرد. یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، کە بە یاسای چوارچێوەش ناسراوە، لە 10-8-2026 بە 467 دەنگ لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا.
تورکیا19-10-2026وەزیری گواستنەوەی تورکیا: رێگەی گەشەپێدان هاوسەنگیی هێز و پەیوەندییە ئابوورییەکان دادەرێژێتەوە