رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە باڵەخانە بەشێک رووخاوەکەی ناوچەی ماڵتەپە کۆتاییان هاتووە و تەرمی 5 کەس دۆزراوەتەوە و 9 کەسیش رزگارکراون.
لە راگەیێندراوێکدا، پارێزگای ئیستەنبووڵ ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی گەڕان و رزگارکردن دوای دۆزینەوەی دواین تەرم لە کاژێر 06:15ی رۆژی هەینی 9-10-2026 کۆتاییان پێهات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە سەرەتای رووداوەکەوە تاوەکو ئێستا، لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردندا بە گشتی 14 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا دەرهێندراون. لەو ژمارەیە، 4 کەس لە شوێنی رووداوەکە و کەسێکی دیکەش لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە."
لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە وەک رێکارێکی خۆپارێزی، 3 باڵەخانەی دیکەی نزیک لە شوێنی رووداوەکە چۆڵکراون، کە بە گشتی 55 هاووڵاتییان تێدا نیشتەجێ بوو. لەو ژمارەیەش، 44 هاووڵاتی کە پێویستییان بە شوێنی مانەوە هەبووە، لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێ کراون و تیمەکانی پشتیوانیی دەروونیش سەردانیان دەکەن.
لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردنەکەدا کە بۆ ماوەی 24 کاژێر بەردەوام بوو؛ 774 کارمەند، 237 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری، 10 سەگی پۆلیسی و 2 درۆن بەشدارییان کردووە.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە نهۆمی ژێرزەمینی باڵەخانەکەدا دوکانێکی قوماش هەبووە، ئاگرێکی بچووک کەوتووەتەوە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەهۆی داروپەردووەکەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ جەختی لە گرنگیی نۆژەنکردنەوەی شارەکان کردەوە و گوتی: "پێویستە پێش ئەوەی باڵەخانەکانمان بڕووخێن رێکارەکانمان بگرینەبەر. لەم رووەوە، کەمپەینی 'نیوەی لە ئێوە و نیوەی لە ئێمە' کەمپەینێکی گرنگە."
بەرەبەیانی دوێنی پێنجشەممە، 8-10-2026 لە گەرەکی جەڤیزلی لە ناوچەی ماڵتەپەی شاری ئیستەنبووڵ بەشێک لە باڵەخانەیەکی 7 نهۆمی رووخا.
رووخانی باڵەخانە لە ئیستەنبووڵ و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیا بووەتە دیاردە، کە زۆرجار هۆکارەکەی بۆ کۆنیی باڵەخانەکان، بەکارنەهێنانی کەرەستەی ستاندارد لە کاتی دروستکردندا و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی دەگەڕێندرێتەوە. ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسی نۆژەنکردنەوەی گشتیی شارەکان و پێویستیی بەهێزکردنی باڵەخانەکان لە بەرامبەر رووداوی سرووشتی و کارەساتەکاندا کردووەتە رۆژەڤ.



