رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە دروستکردنی هاوئاهەنگیی بوو بۆ قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیادا.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پێکهاتبوون، لە ئەنقەرە لەگەڵ جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاند و تێیدا کارکردنی چوار لیژنەی لاوەکی تاوتوێکرا، کە لە دوو کۆبوونەوەی دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندندا پێکهێنرابوون.
هەروەها شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی زانیارییان لەبارەی کارەکانی دەستەکە وەرگرت و بیر و بۆچوون و پێشنیازەکانیان لەبارەی پرۆسەکەوە دایە یڵماز.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، هاوکات سەرۆکی دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنە کە بەرپرسیارە لە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکان و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە. هەر ئەم دەستەیە راپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانیی دەکات بۆ ئەوەی یاسای چارەسەریی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


.jpg&w=3840&q=75)