رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی پەیوەندیداری تورکیا دەستیان بە گفتوگۆ کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە بوارەکانی نەوت، گاز و وزە. هەردوولا دەیانەوێ نەخشەرێگەیەک بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و پیشەسازیی پترۆکیمیایی دابنێن. وەزیری وزەی تورکیا دەڵێ، گرنگە هێڵی بۆریی کەرکووک-جەیهان تاوەکو بەسرە درێژبێتەوە.
رۆژی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی2026، باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق سەرپەرشتیی شاندی عێراقی کرد لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنقەرە لەگەڵ ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بوو بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر رێککەوتننامەیەکی نوێی هاوکاری.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە نەخشەرێگەیەکی پێشنیازکراو کرا بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی نەوت و گاز، پەرەپێدانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی، بازرگانیی نەوت، گاز و وزەی کارەبا و دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ هاوئاهەنگی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات.
هاوکات وەزیری وزەی تورکیا لە پەیامێکدا لە هەژماری ئێکس نووسی: "دوای ئەو گرێبەستەی گواستنەوەی نەوتی خاو کە لە مانگی ئابی رابردوودا لەنێوان کۆمپانیای نیشتمانیمان بۆتاش و سۆمۆ و ئێن ئۆ سی واژۆمان کرد، نەخشەڕێگەی خۆمان بۆ رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن و فراوانتر روون دەکەینەوە."
ئالپئارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوەش کرد: "لەم چوارچێوەیەدا پلانی گرووپی کاری هاوبەشمان کارا دەکەین بۆ ئەوەی بەخێرایی پڕۆژەکانی ژێرخانی نەوت و گازی سرووشتی، گەڕان و بەرهەمهێنان، بازرگانیی نەوت، پاڵاوگە و پترۆکیمیایی و کارەبا بە ئەنجام بگەیێنین."
وەزیری وزەی تورکیا درێژکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک-جەیهانی تاوەکو بەسرە و بەرزکردنەوەی تواناکەی بە پێویست زانی وەک جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ ناوچەی کەنداو و تەنگەی هورمز.
وەزیری وزەی تورکیا نووسیویەتی: "ئامانجمان ئەوەیە کۆمپانیای نیشتمانیمان TPAO، جگە لە کێڵگەکانی کەرکووک، لە کێڵگەکانی دیکەی عێراقیش رۆڵێکی کاریگەری هەبێت؛ هەروەها بگەینە ئامانجی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کە بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی کرد و بە زیادکردنی قەبارەی بازرگانی، جەیهان بکەینە بنکەیەکی جیهانیی وزە."
ئالپئارسلان بایراکتار دەڵێ: "وەک تورکیا، سوورین لەسەر ئەوەی رێگەی گەشەپێدان تەنیا وەک رێڕەوێکی گواستنەوە دانەنێین، بەڵکو وەک 'رێگەیەکی وزە'ی ستراتیژی دروستی بکەین، کە بە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، گازی سرووشتی و کارەبا بە درێژایی رێگەکە پشتگیری دەکرێ. بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق، بە بەهێزییەوە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە بەرجەستانە بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی جوگرافیا هاوبەشەکەمان."
رۆژی 28ـی تەممووزی 2026، شاندی باڵای حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. هەردوولایەن رێککەوتن، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ جەیهان رۆژانە بگەیێننە 1 ملیۆن بەرمیل.
رێگەی گەشەپێدان لە هێڵی ئاسنین و رێگەی وشکانی پێکدێت بۆ گواستنەوەی گەشتیار و کاڵای بازرگانى و بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێپەر دەبێت. تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخیشی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
