رووداو دیجیتاڵ پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سڵاوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمان ناردی، بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو. رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای کۆتاییهاتنی یەکەم دانیشتنی وەرزی نوێی یاسادانان لە 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، لە هۆڵی پێشوازیی ناو باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیادا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پێکهاتبوون، چوونە لای دەوڵەت باخچەلی و سڵاویان لێ کرد. گفتوگۆیەکی سەرپێیی و کورت لە نێوان شاندی دەم پارتی و سەرۆکی مەهەپە کرا. باخچەلی پرسیاری لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار کرد و گوتی: "سەردانتان هەیە؟ (بۆ ئیمراڵی) دێن و دەچن؟" لە وەڵامدا پەروین بوڵدان گوتی: "دوایین جار لە 13ـی ئەیلوول چووین (بۆ ئیمراڵی). هێشتا مانگێک تێنەپەڕیوە. پێدەچێت دوای ئەوەی مانگەکە تەواو بوو، بڕۆینەوە." ئەم بابەتە لە ماوەیەکی کورتدا لە میدیای تورکیادا بووە رۆژەڤ. لەبەر ئەوەی باخچەلی ناوی ئەو کەسەی کە سڵاوی بۆ ناردووە بە دیاریکراوی نەهێنا، لە هەندێک لە میدیاکاندا باسی ئەوە کرا کە دەوڵەت باخچەلی ئەو سڵاوەی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ناردووە. هەندێکی دیکە گوتیان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ناردووە. پەروین بوڵدان، رۆژی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستی کردەوە کە سەرۆکی مەهەپە، ئەو سڵاوەی بۆ رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ناردووە. پەروین بوڵدان گوتی: "ئەو سڵاوەی کە بەڕێز باخچەلی ناردی، راستەوخۆ بۆ بەڕێز ئۆجەلان بوو."
تورکیا02-10-2026سڵاوێکی باخچەلی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ؛ بەشێک دەڵێن بۆ ئۆجەلانە و بەشێک دەڵێن بۆ دەمیرتاش