رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، لە رێگەی ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لە پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)، پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، سڵاوی خۆی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نارد.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 1-10-2026 لە کاتی پێشوازییەکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانان لە 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا، کە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان، نوعمان کورتوڵموشەوە رێکخرابوو، پەرلەمانتاران و سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان پیرۆزبایی خولی نوێی یاسادانانیان لەیەکدی کرد.
شاندێکی دەم پارتی بۆ سڵاوکردن چوونە لای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە. باخچەلی پرسیاری لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار کرد و گوتی: "گەشتتان هەیە؟ (بۆ ئیمراڵی) دێن و دەچن؟"
لە وەڵامدا، پەروین بوڵدان گوتی: "دوا جار لە 13ی ئەیلوول چووین (بۆ ئیمراڵی). هێشتا مانگێک تێنەپەڕیوە، بەڵام پێدەچێت دوای ئەوەی مانگەکە تەواو بوو، بڕۆینەوە."
دوای ئەم وەڵامە، باخچەلی بە پێکەنینەوە گوتی: "سڵاوی منیشی پێبگەیێنن، باشە؟"
ئەم گفتۆگەیەی نێوان دەوڵەت باخچەلی و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە میدیا و بازنە سیاسییەکانی تورکیادا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
لە 12-12-2025، ئۆجەلان لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە بەڕەیەکی دەستچنی وەکو دیاری بۆ باخچەلی ناردبوو.
لە ماوەی رابردوودا باخچەلی و مەهەپە هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر تووندیان لەدژی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبووە.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری لە 2024 هەڵوێستەکانی باخچەلی و پارتەکەی زیاتر گۆراوە بەرەو چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە و پاڵپشتیکردن لە پرۆسەی چارەسەری.



