رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، پێشبینی دەکات لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی داهاتوودا "کۆمیسیۆنی چاودێری" بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت، دەشڵێت کۆمیسیۆنەکە لە مەیداندا چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکات، نەک تەنیا لەنێو پەرلەمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵ، لە پەرلەمانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان زانیاریی نوێی لەبارەی کۆمیسیۆنی چاودێری ئاشکرا کرد و گوتی: "کۆمیسیۆنێک بە بەشداریی پەرلەمانتاران و بەپێی رێژەی نوێنەرایەتیی پارتەکان لە پەرلەمان پێکدەهێندرێت، بۆ ئەوەی چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە لە مەیداندا بکات."
دەسەڵات و ئەرکەکانی کۆمیسیۆنەکە
یڵدز ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکەکانی کۆمیسیۆنەکە لە ماددەی حەوتەمی یاسای چوارچێوەدا دیاریکراون و گوتی: "ئەرکی سەرەکی چاودێریکردنە و هیچ دەسەڵاتێکی سزادانی نییە، بەڵام دەتوانێت پێشنیازی یاسایی و راسپاردە پێشکەش بکات."
سەبارەت بە هەبوونی جیاوازی لەگەڵ بۆچوونی سەرۆکی پەرلەمان کە باسی لە چاودێریی پەرلەمانی کردبوو، یاریدەدەری باخچەلی گوتی: "چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە دەکرێت، نەک تەنیا لەناو پەرلەمان، بەڵکو لە مەیدانیشدا بەدواداچوون دەکرێت."
سەبارەت بە وادەی دەستبەکاربوونیان، یڵدز گوتی: "هیوادارم لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژدا دابمەزرێت. پێموایە سەرۆکی پەرلەمان ئەمڕۆ یان سبەی نووسراو بۆ پارتەکان دەنێرێت تاوەکو بەپێی قەبارە و کورسییەکانیان ئەندامەکانیان دیاری بکەن."
کۆمیسیۆنی چاودێری بەشێکە لە یاسای ژمارە 7595 بۆ "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، کە لە 10ی ئابی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، تاوەکو وەک میکانیزمێکی فەرمیی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی ئاشتی کار بکات.



