رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، قۆناخی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی کە بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، دەستیپێکردووە. راشیگەیاند: "بەرەو زەمینەیەک هەنگاوی دڵنیا دەنێین کە چەک بەتەواوی لە ئارادا نەمێنێت و سیاسەت بتوانێت بە ئازادی باسی کێشەکان بکات."
پەرلەمانی تورکیا رۆژی چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، بۆ کردنەوەی وەزرێکی نوێی یاسادانان کۆبووەوە.
نوعمان کورتوڵموش لە گوتاری کردنەوەی ساڵی نوێی یاساداناندا، تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، قۆناخی جێبەجێکردنی یاساکە دەستیپێکردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناخەدا پەرلەمان سێ بەرپرسیارێتیی سەرەکیی لە ئەستۆیە:
1.چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە: لە رێگەی (کۆمیسیۆنی چاودێری) کە لە پەرلەمان پێکدەهێندرێت و نوێنەری هەموو پارتە سیاسییەکانی تێدا دەبێت.
2.چاودێریکردنی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان: چاودێریکردنی ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتی جێبەجێکار لەسەر بنەمای راپۆرتی دەزگا ئەمنییەکان دەریدەکات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی رێکخراوی چەکدار.
3.رێکخستنی یاسایی نوێ: ئەگەر پێویست بکات، کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای نوێ بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان.
کورتوڵموش هۆشداریی دا و گوتی: "ئێمە هۆشیاریی خۆمان دەپارێزین لە بەرامبەر هەنگاوە وروژێنەرەکانی ئەوانەی دەیانەوێت پرۆسەکە شکست پێبهێنن. بە پێداگری و وریاییەوە خۆمان لەو بریاردانە بەپەلەیانە بەدوور دەگرین کە ئومێدی گەلەکەمان دەکەنە ئامانج."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان هەیە و گوتی: "تەواوکردنی ئەو مەرجانەی لە یاساکەدا هاتوون، بیمەی یاسایی ئەو رێگەیەیە کە دەگیرێتەبەر. لەکاتێکدا کە یەکە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، پەرلەمانیشمان بەناوی گەلەوە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پرۆسەکە."
پەرلەمانی تورکیا دوای ئەوەی لە 10ی ئابی 2026 یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتیمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد، چووە پشووی هاوینە.
چاوەڕێ دەکرێ پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی چاودێری پرۆسەی چارەسەری لە چوارچێوەی مادەی 7ی یاساکە پێکبهێنێ بۆ چاودێری کردنی پرۆسەکە لە مەیدان.



