رووداو دیجیتاڵ
15ـیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیا (تێکنۆفێست)، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی رووها لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد و دەرگەی بەڕووی سەردانیکەراندا کردەوە.
فێستیڤاڵەکە لەژێر ناوی "تێکنۆفێستی باشووری رۆژهەڵات" لە نێوان 30ـی ئەیلوول تاوەکو 4ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا بە هاوبەشی لەگەڵ وەقف و کۆمپانیاکانی بواری بەرگری لەوانە بایراکتار و STM رێکخراوە.
بە درێژایی پێنج رۆژی فێستیڤاڵەکە، ئارەزوومەندانی تەکنەلۆژیا و داهێنەرە گەنجەکان کۆدەبنەوە. نمایشە ئاسمانییەکان لەلایەن تیمەکانی "سۆلۆتورک" و "ئەستێرەکانی تورکیا" پێشکەش دەکرێن.
هەروەها چەندین بەرهەمی پیشەسازیی سەربازی نمایش دەکرێن، لەوانە: هێلیکۆپتەری ئاتاک، فڕۆکەی هورکش، درۆنەکانی (ئانکا، بایراکتار TB2 و TB3 و ئاکنجی)، لەگەڵ پێشانگەی تەکنەلۆژیای وشکانی و دەریایی و ئۆتۆمبێلی نیشتمانی.
بۆ پێشبڕکێکانی ئەمساڵی تێکنۆفێست، زیاتر لە 1 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە 99 وڵاتی جیهانەوە (لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، چین و ژاپۆن) لە چوارچێوەی 730 هەزار تیم دا ناوی خۆیان تۆمار کردووە؛ لەو ژمارەیەش 2 هەزار تیم گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی.
بڕیارە پاڵپشتییەکی دارایی بە بەهای 100 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 2 ملیۆن دۆلار) پێشکەشی بەشداربووە سەرکەوتووەکان بکرێت. ئەمساڵ 11 بەشی نوێش بۆ پێشبڕکێکان زیادکراون، لەوانە: نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەکان (5G)، ژیریی دەستکرد بۆ سەلامەتیی رێگەوبان و جەنگی ئەلیکترۆنی.
دەربارەی تێکنۆفێست
فێستیڤاڵی تێکنۆفێست لە ساڵی 2018ـەوە لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لە شارە جیاوازەکان سەردانیان کردووە؛ ئەمساڵیش بۆ یەکەمجارە لە شاری رووها لە باکووری کوردستان لەسەر رووبەری فڕۆکەخانەی گاپ رێکدەخرێت.

.webp&w=3840&q=75)

