رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، یەکەم دانیشتنی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا دەستپێبکات. لیژنەی چاودێریی پرۆسەی چارەسەریی بە خێرایی دادەمەزرێت.
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوول، دوایین رۆژی پشووی فەرمیی پەرلەمانی تورکیایە. بڕیارە سبەی پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە بەشداریی سەرۆککۆماری تورکیا، تەواوی ئەندامانی کابینەی حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری و تەواوی ئەندامانی پەرلەمان بە هەموو فراکسیۆنەکانیانەوە یەکەم دانیشتنی پرۆتۆکۆڵی وەرزی نوێی یاسادانانی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، پرۆتۆکۆڵی دەبێت، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان گوتار پێشکەش دەکەن، بەڵام لە ناوەڕۆک دا پەیامی گرنگ بۆ قۆناخی نوێی کارکردن و سیاسەتی وەرزی نوێی دەوڵەتی تورکیا دەخرێتەڕوو. جموجۆڵێکی زۆر لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە هەیە و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە خێراتر بکرێت.
چاوەکان لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیایە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوە دایە بۆ دەستپێکردنی کارەکانی "دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن" و لیژنە لاوەکییەکانی بۆ پرۆسەی چارەسەری، کە چاوەڕوان دەکرێت دوابکەوێت بۆ هەفتەی دووەمی مانگی تشرینی یەکەم.
پرۆسەکە لە چاوەڕوانی دیاریکردنی شێوازی کارکردنی لیژنە لاوەکییەکانی سەر بە دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنە. دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، "یاسای چوارچێوە"ی پرۆسەکە دەکەوێتە کار.
شێوازی کارکردنی لیژنەکان
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکان، شێوازی کارکردنی ئەو لیژنانەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان تێیان دا بەشدار دەبێت. لایەنەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە شێوازی کارکردنی ئەو دەستەیەی بڕیارە ستراتیژییەکان دەدات، پێویستە بەپێی پێداویستییەکانی پرۆسەکە دیاری بکرێت.
هەروەها رەخنە لە ناڕوونیی پێگە و ئەرکی لیژنەکان دەگیرێت و داوا دەکرێت کە کارەکانیان بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و لە چوارچێوەی پێداویستییەکانی پرۆسەکە دا بێت.
بەپێی زانیارییەکان، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لیژنە لاوەکییەکانی، لە هەفتەی دووەمی مانگی تشرینی یەکەم دا دەستبەکارەکانیان دەکەن.
هاوکات رەخنە لە ناڕوونیی خشتەی کارەکان دەگیرێت و ئاماژە بەوە دەکرێت کە دوای راگەیاندنی لیژنەی پەرلەمان، پێشهاتی نوێ دێتە ئاراوە و ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە تەواو دەبن.
مەرجی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا مەرجی سەرخستنی پرۆسەکەی بە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی تەواوی پەکەکە بەستەوە و رایگەیاند: "تاوەکو رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵنەوەشێتەوە، یاساکە جێبەجێ ناکرێت. بە کردنەوەی پەرلەمان، لیژنەی چاودێری بە خێرایی دادەمەزرێت و ئەرکی خۆی لەبارەی چاودێریکردنی پرۆسەکە جێبەجێ دەکات. بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، پێویستە رێکخراوەکە چەک دابنێت."
لیژنە لاوەکییەکان و ئەرکەکانیان
رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2026، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە کارەکانی دەستەی جێبەجێکاری یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کرد و ئەرکی دەستەکەی بە "بەدواداچوونی پرۆسەکە" چوواند و ئاشکرای کرد، لەم چوارچێوەیەدا چوار لیژنەی لاوەکییان پێکهێناوە.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئەرکی لیژنەکانی بەم شێوەیە روونکردەوە:
لیژنەی پرۆسەی دادوەری و یاسایی: ئەم لیژنەیە چاودێریی رەهەندە یاسایی و دادوەرییەکانی پرۆسەکە دەکات.
لیژنەی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و هاوئاهەنگی: کار لەسەر بەهێزکردنی یەکگرتوویی و سازانی کۆمەڵایەتی دەکات.
لیژنەی چاودێریکردنی مەیدان: ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچوونی بارودۆخی مەیدانیی پرۆسەکەی لە ئەستۆیە.
لیژنەی چەکدانان و هاوئاهەنگیی ستراتیژی: ئەم لیژنەیە تایبەتە بە بابەتی چەکدانان و هاوئاهەنگییە ستراتیژییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، پشووی وەرزیی پەرلەمان لە 1ـی تەممووز دەستپێدەکات و لە 1ـی تشرینی یەکەم کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەسندکردنی یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە تایبەت بوو بە یاساییکردنی پرۆسەی چارەسەری و هەمواری یاساکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چارەنووسی گەریلاکان، پشووی وەرزیی پەرلەمان مانگێک دواخرا بۆ 1ـی ئاب.
پرۆسەی چارەسەری
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سەمبولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێی دا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵات دا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 20ـی ئابی 2026، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595 (یاسای پاڵپشتی نیشتمانی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزرا.
ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار پێکهێندرا. هەریەک لە وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و سکرتێری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا تێی دا ئەندامن.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دەستەیە لە 24ـی ئابی 2026 کرا.
.webp&w=3840&q=75)


