رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین لێدوانی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی رایگەیاند، پرۆژەی دەوڵەتە و ئامانج لێی لەناوبردنی تەواوەتی بەڵای تیرۆرە.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئیستەنبووڵ بەشداریکرد لە رێوڕەسمی (دامەزراندنی کەسوکاری شەهیدان لە دامەزراوە گشتییەکان) و گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و رایگەیاند، "ئێمە گەلێکین لەگەڵ شەهیدەکانمان دەژین و سپاردەی ئەوان لەسەر سەری خۆمان دادەنێین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، پێداگریی خۆی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریی دەربڕی و رایگەیاند، "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، کە بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی بەڵای تیرۆر دەستمان پێکردووە، وەک پرۆژەیەکی دەوڵەت بەڕێوەی دەبەین." گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوانە دەنێین کە پێویستن بۆ ئەوەی تیرۆر جارێکی دیکە لەم خاکەدا جێگە پەیدا نەکاتەوە و ئازاری نوێمان پێ نەگەیێنێت."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "رێگەمان بە هیچ هەوڵێک نەداوە و نایدەین رووحی شەهیدەکانمان ئازار بدات، ماندووبوونی فەرماندەکانمان بەفیڕۆ بدات و کەسوکاری شەهید و فەرماندەکانمان بڕەنجێنێت."
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، وەک دەوڵەت و حکومەت، هەرچی پێویست بووبێت بۆ کەسوکاری شەهیدان کردوویانە و دەیکەن و گوتی، "لە ساڵی 2012 مافی دامەزراندنمان بۆ کەسوکاری شەهیدانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرزکردەوە."
سەبارەت بە ژمارەی دامەزراندنەکان، ئەردۆغان گوتی، "لە ساڵی 1995ـەوە تاوەکو 2002، تەنیا 6 هەزار و 315 کەسوکاری شەهید و بریندارانی سەنگەر لە دامەزراوە گشتییەکانماندا دامەزرابوون. بە تیروپشکی ئەمڕۆ، 571 برای دیکەمان لە دامەزراوە گشتییەکان دادەمەزرێنین و بەم شێوەیە ژمارەی کەسوکاری شەهید و فەرماندەکان کە لە کەرتی گشتیدا دامەزراون، بۆ 53 هەزار و 179 کەس بەرز دەکەینەوە."


