رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای خوێندنی تورکیا لە نووسراوێکدا کە بۆ سەرجەم زانکۆکانی ناردووە، داوای کردووە کە لە ساڵی خوێندنی 2026-2027 رێوڕەسمەکانی کردنەوە و یەکەم وانەی خوێندن تەرخان بکرێن بۆ پرۆسەی چارەسەری.
لە نووسراوەکەدا کە رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026 بە واژۆی ئێرۆل ئۆزڤار، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خوێندنی تورکیا، بۆ سەرجەم زانکۆکان نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا بە قۆناخێکی گرنگدا تێدەپەڕێت بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایش، یەکێتی و پێکەوەیی نیشتمانی، برایەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی.
هەروەها سەرنج خراوەتە سەر گرنگیی پرۆسەی چارەسەری و داوا کراوە لە رەهەندە کۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی، سیاسی، کولتووری و ئەمنییەکانەوە تاوتوێ بکرێت و لەم چوارچێوەیەدا کاری ئەکادیمی، پانێڵ، کۆنفرانس و وۆرکشۆپ رێکبخرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، تەرخانکردنی یەکەم وانەی ساڵی خوێندنی 2026-2027 بۆ پرۆسەی چارەسەری دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خوێندکاران، بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی یەکێتی و پێکەوەیی نیشتمانی و بەشداریکردن لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لەبەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکەشکرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

