رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی تەنگەی هورمز و هێرشەکانی سەر سعودیەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو هاکان فیدان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی، ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئاسایشی تەنگەی هورمز و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی ناوچەکە کراوە. هەروەها وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بە وردی باسیان لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سعودیە کردووە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە تەنگەی هورمز، کە رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە.
هێرشەکانی سەر خاکی سعودیە و وڵاتانی کەنداو، مەترسیی بڵاوبوونەوەی شەڕیان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کردووە. تورکیا، کە لەم دواییانەدا لە رێگەی "رێککەوتنی مەککە"ـەوە هاوئاهەنگیی ئەمنیی خۆی لەگەڵ سعودیە بەهێزتر کردووە، لە هەمان کاتدا هێڵەکانی دیپلۆماسی لەگەڵ تاراندا بە کراوەیی هێشتووەتەوە.


