رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانی دیاری تورک، زانیاریی نوێ لەبارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە زاری دەوڵەت باخچەلییەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە ئیمراڵی خانوویەکی نوێ بۆ ئۆجەلان دروستکراوە، بەڵام ئۆجەلان رەتیدەکاتەوە بچێتە ناوی تاوەکو پێگەی دیاری نەکرێت."
ناگیهان ئاڵچی، میوانی بوڵتەنی کاژێر 15:00ـی رووداو بوو، زانیاری نوێی بۆ رووداو خستەڕوو لەبارەی خانووە نوێیەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوورگەی ئیمراڵیی، دوای ئەوەی دوێنێ 11ـی ئەیلوولی 2026، لە کەناڵی یوتیوبی خۆی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە.
ناگیهان بە رووداوی راگەیاند، دیداری تایبەتی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی هەبووە. باخچەلی چەند زانیارییەکی لەبارەی دۆخی ئۆجەلان پێداوە. ناگیهان ئاڵچی زانیارییەکانی لە زاری باخچەلییەوە بە رووداوی گەیاند. گوتی: "لە نێو ئیمراڵی باڵەخانەیەک بە شێوازی خانوویەک دروستکراوە. بەڕێز باخچەلی پێیگوتم، ئەو خانووە باخچەیەکی لەپێشە، مەرجی ژیانی ئاسایی تێدایە و کارەکانی تەواو بووە. بەڵام باخچەلی گوتوویەتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەتیدەکاتەوە بچێتە ئەو خانووە و تێیدا نیشتەجێ بێت."
ئاڵچی، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، کاتێک پرسیاری هۆکارەکەی کردووە، باخچەلی گوتوویەتی، "چاوەڕوانی پرسی پێگەی خۆیەتی. دوای ئەوەی مەرجەکانی پەسند بکرێت، ئەو کات دەچێتە ئەو خانووە."
رۆژنامەڤانە تورکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەو زانیارییانە، بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پرسیاری لە چەند سەرچاوەیەکی نێو دەم پارتی کردووە. پێیان راگەیاندووە "ئێستا بۆ ئەم باسانە زۆر زووە. واتە کردنەوەی دەرگەی ئیمراڵی و کێ بچێت بۆ ئەوێ، لەم قۆناخەدا شتێکی وا لەئارادا نییە. پێویستە رێگە لە هەندێک بابەتی هەستیار بگیرێت، چونکە پرۆسەی ئاشتی لەسەر زەمینەیەکی زۆر ناسک بەڕێوەدەچێت."
بە گوتەی ناگیهان ئاڵچی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەرجی ئەوەیە، ئەو "دەستەی" کە بڕیارە بەپێی یاسای پاڵپشتیی نیشتمانیی دابمەزرێت و خۆی سەرۆکایەتیی بکات، دەست بە کارەکانی بکات. ئەو یاسایە بە دەنگی 470 پەرلەمانتار پەسند کراوە.
ئاڵچی، دەشڵێت، "پێش هەموو شتێک، دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە چەکدانانی پەکەکە پشتڕاست بکرێتەوە. دوای ئەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات و دواتر یاسای چوارچێوە قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و دەستەکانیش کارا دەبن."
رۆژنامەڤانە تورکەکە زانیاریی دیکە ئاشکرا دەکات کە لە دەم پارتییەوە وەریگرتووە و دەڵێت، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کاراکردنی ئەو دەستەیە، داوای سکرتارییەتێک یان دەستەیەکی لاوەکی دەکات کە لەگەڵیدا کار بکات. ئەمەش بەو مانایەی چەند کەسێک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئۆجەلان کار دەکەن کە لەوانەیە کەسانێک بن لەنێو دەم پارتی، باڵی ئەورووپا یان بزووتنەوەی ژنان. سکرتارییەتێک کە هەواڵ و هاوسەنگییەکانی دەرەوە بۆ ئۆجەلان بگوازێتەوە، بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن و لە هەمان کاتدا ئۆجەلانیش بتوانێت فەرمانەکانیان پێبدات."
ناگیهان ئاڵچی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئۆجەلان دژی ئەو خانووە نییە و دەڵێت، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، سەرەتا با پێگەکەم وەربگرم، لەم پرۆسەیەدا ناو و ناونیشانێکم پێبدرێت، ئینجا دەچمە خانووەکەوە. واتە تێدەگەین کە ئەم خانووە بە ئاگاداریی دەوڵەت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروستکراوە."
لە کۆتاییدا ئاڵچی زانیارییەکی دیکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "زانیارییەکی دیکە کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێمگەیشتووە ئەوەیە کە پێموایە دوایین دیداری شاندی ئیمراڵی لەنێو ئەم خانووەدا کراوە. جەنگیز چاندار، یەکێک لە ناوە دیارەکانی دەم پارتیش هەمان زانیاریی بڵاوکردووەتەوە."

.webp&w=3840&q=75)
