رووداو - دیجیتاڵ
دوای دەستگیرکردنی محەممەد فاتح تانچالان، ناسراو بە (حەیدەرە رەشی وان) لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، چاخلا ئۆزی هاوسەریشی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانی "سپیکردنەوەی سەرمایەی بەدەستهاتوو لە تاوان" دەستبەسەر کرا.
لە راپۆرتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان ئاماژە بەوە کراوە، لە زەماوەندی ئەو دوو هاوژینەدا جگە لە زێڕ کە بەهاکەی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار بووە، بڕێکی زۆر دراوی بیانی و لیرەی تورکیش پێشکەش کراون کە گومانەکانی زیاتر کردووە.
داواکاری گشتیی وان لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ئەو زێرە و پارە کاشەکە دەکات.
بەهۆی بەشداریی ژمارەیەک لە سەرمایەداران و رۆژنامەنووسانی وان لە زەماوەندەکەدا، سەرنجەکان چوونەتە سەر فراوانبوونی رێکارە دادوەرییەکان بۆ سەر ئامادەبووانیش.
ئاکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەیدانێکی بێسەروبەر و دەرەوەی یاسا نین و پیشاندانی سەرمایە و دەستکەوتی گوماناوی رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی تووندی دادوەری دەبنەوە.
لەلایەکی دیکەوە تۆمارەکانی دادگە ئەوە دەردەخەن کە حەیدەرە رەش و چاخلا ئۆز لە ساڵی 2015 لەیەک دۆسیەی تاواندا ناویان هاتووە.
بەپێی تۆمارەکانی دادگە لە ساڵی 2016 چاخلا ئۆز بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە سکاڵای لەسەر حەیدەرە رەش تۆمار کردووە و دادگە لە ساڵی 2020 بە 3 ساڵ و یەک مانگ و 15 رۆژ سزای زیندانی بۆ حەیدەرە رەش دەرکردووە.
حەیدەرە رەش و هاوسەرەکەی چاخلا ئۆز دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانی ئاهەنگی هاوسەرگیرییان لە 5ی ئەیلوولی 2026 لە وان رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دادوەری بوونەوە.
رۆژی سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026 حەیدەرە رەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.
دوای دەستبەسەرکردنی حەیدەرە رەش، چاخلا ئۆز کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خاوەنی هەوادارێکی زۆرە، هەژماری ئینستاگرامەکەی کە 1.5 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەبوو، داخست.
بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026، چاخلا ئۆز لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی میدیاکانی تورکیا لە تۆماری دانپێدانانەکاندا، حەیدەرە رەش ئاماژەی بەوە کردووە، خەرجییە خۆشگوزەرانییەکانی لە رێگەی رێکلام و سپۆنسەرییەوە دابینکراون، کە خۆی و چاغلا ئۆزی هاوسەری لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردوویانە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو زێڕانەی لە زەماوەندەکەدا دەبیندرێن، بەهۆی خراپیی بارودۆخی داراییەوە وەک ئەمانەت لە زێڕنگەر وەرگیراون و دواتر گەڕێندراونەتەوە.
بەپێی بڕیاری دادگە، دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی تەواوی دارایی و ئەو داهاتانە دەکات کە لە زەماوەندەکەدا نمایش کرابوون.


