رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی بێشتەپە لە ئەنقەرە، پێشوازی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و شاندی یاوەری کرد.
کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و حەلبووسی لە ئەنقەرە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.
شەوی رابردوو، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێکی باڵای پەرلەمانی ئەم وڵاتە، گەیشتنە ئەنقەرە. ئەمڕۆش هەیبەت حەلبووسی و شاندەکەی چەندین دیداریان کرد.
لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا، هەیبەت حەلبووسی سەردانی مەزاری مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی ئەم وڵاتەی کرد. دواتر چاوی بە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کەوت.
نوعمان کورتوڵموش و هەیبەت حەلبووسی دوو کۆبوونەوەیان کرد. یەکەمیان دووقۆڵی بوو لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. کۆبوونەوەی دووەمیشیان سەرۆکایەتیکردنیان بوو بۆ شاندی هەردوولایەن.
دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا کرد. تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی بەهێزکردنی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا کرا، لەوانە ئابووری، ئاسایش و وەبەرهێنان.
وێستگەی دووەمی سەردانەکەی حەلبووسی بۆ لای هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو. لە نووسینگەی تایبەتی هاکان فیدان، یەک کاژێر لە کۆبوونەوەدا بوون. دواتر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێکەوتن.


