رووداو دیجیتاڵ
ستافی ئەو کەشتییەی لە کەناراوەکانی گیرنە لە قوبرسی باکووردا نوقم بوو، لەبەردەم دادوەر رایانگەیاند کە پێش گەشتەکە پشتیان بە پێشبینییەکانی کەشناسی بەستبوو. هاوکات سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور رایگەیاند، ئەو بەرپرسانەی بەندەرەکە، کە رێگەیان بە گەشتەکە داوە، لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
ئونال ئۆستەل، سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور، لەبارەی دوایین ئامارەکانی کارەساتە دەریاییەکەی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 20ی دیکەش بێسەروشوێنن؛ هەروەها کار لەسەر پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی 40 کەسی دیکە بەردەوامە."
سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور جەختی کردەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت، سزای تووندی یاسایی دەدرێت.
حکومەتی قوبرسی باکوور ناوی ئەو 8 کەسەی بڵاوکردەوە کە گیانیان لەدەستداوە، ئەوانیش بریتین لە: نورای زەیتون، نیهاد باڵیەمەز، رەیحان ڤێریم، گولجان گورەل، حوسێن ئۆزدەمیر، فەخری ئاتێش، نیسا تۆکەر و نورجان خەلیلئۆغڵو.
دوای رووداوەکە، 14 کەس لەوانە کاپتن، 7 کارمەندی سەر کەشتییەکە، بەرپرسێکی کۆمپانیاکە و 2 بەرپرسی بەندەر دەستگیرکران. کاپتن و ستافی کەشتییەکە لەبەردەم دادوەر گوتیان: "شەپۆلی بەهێز بەشی پێشەوەی کەشتییەکەی تێکشکاندووە، ئێمە مۆڵەتی فەرمیمان هەبووە و پشتمان بە راپۆرتەکانی کەشناسی بەستبوو."
دەستەی دادوەران بڕیاریدا ماوەی دەستبەسەرکردنی 9 کەس لەوانە کاپتن و ستافەکە بۆ 3 رۆژی دیکە درێژ بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بڕیاری ئازادکردنی بۆ 5 کەسی دیکە دەرکرد (لە نێویاندا بەرپرسانی بەندەرەکە) بە مەرجی ئەوەی بەبێ دەستبەسەرکردن دادگەیی بکرێن.
دادگە داوای لە پۆلیس کردووە سەرجەم ئەو ڤیدیۆیانە بپشکنن کە لەلایەن سەرنشینانەوە لە ساتی رووداوەکەدا تۆمارکراون. هەروەها بڕیاردرا لێکۆڵینەوەیەکی وردی تەکنیکی لەسەر کەشتییەکە بکرێت، تاوەکو بزانرێت ئایا پێشتر کێشەی هەبووە یان نۆژەنکراوەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 267 سەرنشینی ناو کەشتییەکە، 241 کەسیان رزگارکراون و کارەکانی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا هێشتا بەردەوامە.



