رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمڕۆ دووشەممە 31-8-2026 پەیوەندیی بە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی دیاری کورد کرد و بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوژینەکەی (مەهدی زانا) سەرەخۆشیی لێکرد.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی دەوڵەی باخچەلی لەکاتێکدایە کە شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرەخۆشیی ئاراستەی لەیلا زانا کردبوو.
سەرەخۆشیی هەریەک لە ئەردۆغان و باخچەلی لە لەیلا زانا بووە رۆژەڤی تورکیا و میدیا هەڵوەستەی لەسەر کردووە.
مەهدی زانا، سیاسەتڤانی کورد رۆژی 14-8-2026، بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا. دەستبەجێ خرایە ژێر چاودێریی چڕەوە و دوای زیاتر لە 15 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئێوارەی رۆژی شەممە 29-8-2026 کۆچی دواییکرد.
رۆژی یەکشەممە 30-8-2026 تەرمی مەهدی زانا لە گۆڕستانی یەنیکۆی لە ئامەدی باکووری کوردستان بە خاک سپێردرا.
مەهدی زانا کێیە؟
ساڵی 1940 لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکبووە.
ساڵانی 1978-1980 سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد بووە.
یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان.
دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و چەندین ساڵ لە زیندانی ئامەد بوو.
جگە لە ژیانی سیاسی، بە کتێبە بەناوبانگەکەی (چاوەڕوانبە دیاربەکر) ناسراوە، کە تێیدا باسی نەهامەتییەکانی زیندان دەکات.
مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد (لەیلا زانا)یە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی رووکەن و رۆنای.



