رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیری عەلەوی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، لێدوانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان لەبارەی "هاوپەیمانیی کورد و تورک" رەتکردەوە و ئەو مۆدێلە مێژووییەی ئەو باسی دەکات بە "خوێناوی" ناو دەبەن.
لە راگەیێندراوەکەدا کە 53 کەسایەتیی دیاری عەلەوی واژۆیان کردووە، هاتووە، "ئێمە ئەو هاوپەیمانییە کۆن و خوێناوییەی ئاماژە بە یاوز سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەدلیسی دەکات، رەتدەکەینەوە. لە کاتێکدا هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەدرێت، هیچ زمان و گوتارێک قبووڵ ناکەین کە ببێتە هۆی نیگەرانیی عەلەوییەکان لە تورکیا و سووریا."
بۆچی عەلەوییەکان نیگەرانن؟
رۆشنبیرانی عەلەوی ئاماژەیان بەوە کردووە، بەکارهێنانی رووداوە مێژووییەکانی سەدەی 16 وەک نموونەیەک بۆ چارەسەری، زیان بە ئاشتی دەگەیێنێت؛ چونکە ئەو هاوپەیمانێتییە لە کاتی خۆیدا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار عەلەوی. ئەوان جەخت دەکەنەوە، چارەسەری دەبێت لەسەر بنەمای "بەها دیموکراسییەکان" بێت نەک تێگەیشتنی مێژوویی کۆن.
چی روویداوە؟
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ناوەڕۆکی یاداشتەکانی دیداری ئیمراڵی، کە لە ئابی 2026ـدا لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە بڵاوکرانەوە، جارێکی دیکە ئاماژەی بە هاوپەیمانیی "یاوز سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەدلیسی" کردووەتەوە. ئۆجەلان پێشنیازی کردووە، کورد و تورک بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێ لەسەر ئاستی دەوڵەت، سوود لەو ئەزموونە مێژووییە وەربگرن.
ئەو هاوپەیمانێتییە چییە؟
پەیمانی یاوز سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەدلیسی، رێککەوتنێکی سیاسی و سەربازی بوو لە سەدەی 16ـدا، کە لەنێوان سوڵتانی عوسمانی و زانا و دەوڵەتمەداری کورد، ئیدریسی بەدلیسی پێکهات. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە یەکخستنی هێزی کوردە سوننەکان و عوسمانییەکان بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی سەفەوی بە رابەرایەتیی شای ئیسماعیل.



