رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی تەلەفۆنی بە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کوردەوە کرد و بۆ کۆچی دوایی مەهدی زانای هاوژینی سەرەخۆشی لێکرد.
شەوی 29ـی ئابی 2026، مەهدی زانا، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد، لە نەخۆشخانەیەک لە ئامەد کە تێیدا چارەسەری وەردەگرت، کۆچی دوایی کرد.
تەرمی مەهدی زانا، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان، لە گۆڕستانی یەنیشەهیر لە ئامەد بە خاک سپێردرا.
شەوی رابردوو 30ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ لەیلا زانا قسەی کرد.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لەیلا زانا کردووە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مەهدی زانای هاوژینی پێگەیاندووە.
مەهدی زانا کێیە؟
مەهدی زانا لە ساڵی 1940 لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکبوو، لە ساڵانی 1978-1980 وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد خزمەتی کرد.
مەهدی زانا یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان بوو، دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و چەندین ساڵ لە زیندانی ئامەد بوو.
مەهدی زانا جگە لە ژیانی سیاسی، بە کتێبە بەناوبانگەکەی (چاوەڕوانبە دیاربەکر) ناسراوە، کە تێیدا باسی نەهامەتییەکانی زیندان دەکات.
مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد (لەیلا زانا)یە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی رووکەن و رۆنای.


.jpg&w=3840&q=75)