رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە 26ـەمین لووتکەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای گەیشتە بیشکەک، پایتەختی قیرغیزستان.
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 31ی ئابی 2026 رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بانگهێشتی فەرمیی سەدر جەبارۆڤ، سەرۆککۆماری قیرغیزستان لە بیشکەکە و بەشداری لە 26ـەمین لووتکەی سەرۆکی دەوڵەتانی رێکخراوی هاوکاریی شانگهای دەکات.
دوان گوتی، ئەردۆغان رۆژی سێشەممە 1ی ئەیلوول لە لووتکەکەدا گوتارێک پێشکێش دەکات و لە پەراوێزی لووتکەکەیشدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو دەبێ.
26ـەمین لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای ئەمرۆ دووشەممە دەستپێدەکات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
بڕیار وایە هەریەک لە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ شی جیپینگ، سەرۆکی چین؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەشداری لەو لووتکەیەدا بکەن.
رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای، رێکخراوێکی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی 2001دا دامەزراوە.
ئەم رێکخراوە لە 10 وڵات پێکهاتووە کە رووبەری هەموویان نزیکەی 36 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانیان لە 3.4 ملیار کەس تێدەپەڕێ.
ئەم رێکخراوە نزیکەی 25٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان و زیاتر لە 15٪ی بازرگانیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت.
تورکیا لە ساڵی 2012ەوە وەک "هاوبەشی دیالۆگ" بەشداری ئەم رێکخراوە دەکات.


.jpg&w=3840&q=75)