رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستاندا، تەرزە و لێزمەبارانی بەخوڕ باری؛ لە زۆر شوێندا هاتوچۆ وەستا و زیانیش بە رووبەرێکی زۆر زەویی کشتوکاڵی کەوت.
بڵاوبوونەوەی دیمەنی باران و تەرزە لە قەرسی باکووری کوردستاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی؛ ئەمە بووەتە جێی سەرسوڕمان، بەتایبەتی لەکاتێکدا بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەدەست گەرماوە دەناڵێنن.
تەرزەکە کە قەبارەی لە بندقێک گەورەتر بوو، ناوچەکەی سپیپۆش کرد و بەشێکی زۆر لە رێگەکانیش ژێرئاو کەوتن.
لێزمەباران و تەرزەکە هێندە زۆر و بەهێز بوو، بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانیان بەرکەوت.
تیمەکانی سەر بە شارەوانی دەستیان بە تۆمارکردنی زەرەر و زیانی جووتیاران و گوندنشینان کردووە.
هاوکات ئەو شەپۆلی لێزمەباران و تەرزەیە لە بەیانیی ئەمڕۆوە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هاتوچۆ و ژیانی هاونیشتمانیان دروستکرد. چونکە لە شەقام و کۆڵانەکاندا گۆمی ئاو دروستبوو. شۆفێران بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر رێگەکاندا، بە زەحمەت هاتوچۆیان بۆ دەکرا.
هاونیشتمانیان بە کارتۆن، چادر و بەتانی هەوڵی داپۆشینی ئۆتۆمبێلەکانیان دەدا و هەوڵیان دا لە زیانی تەرزەکە بیپارێزن.
رۆژی یەکشەممە 30-8-2026 پلەی گەرما لە پارێزگای قەرس بە 22ی سیلیزی تۆمارکرا.
سبەی دووشەممە 31-8-2026 پلەی گەرما لەو پارێزگایەی باکووری کوردستاندا دەبێتە 19 و بارانیش هەتا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

