رووداو دیجیتاڵ
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا، لە پەیامێکیدا سەرەخۆشیی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد لە قوبرس کەشتییەکەیان ژێرئاوکەوت.
دوران لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردەوە، ئاماژەیکردووە کەشتییەک لە کەناراوەکانی گیرنەی'' قوبرسی باکوور''دا بەهۆی ئەوەی ئاوی تێچووە، ژێرئاوکەوتووە.
راشیگەیاند ئەو رووداوە هەمووانی نیگەران کردووە و دەڵێ:"لە چوارچێوەی هەوڵەکانی رزگارکردنی سەرنشیناندا بە هاوئاهەنگیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور و کۆماری تورکیا و بە دەستبەجێ دەستبەکاربوونی تیمەکان بەڕێوەچوو، زۆربەی سەرنشینەکان رزگارکران و گواسترانەوە بۆ سەر وشکانی".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند:"کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچەکە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بەبێ پچڕان بەردەوامن. داوای لێخۆشبوونی خوا بۆ ئەوانە دەکەم کە لەو رووداوە دڵتەزێنەدا گیانیان سپاردووە. سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەم. هیوای سەلامەتی بۆ تەواوی سەرنشینان و ستافی کەشتییەکەش دەخوازم".
رووداوەکە کاژێر 12:30ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 30-8-2026 روویدا. کەشتییەکە گەشتیارییە و سەر بە کۆمپانیایەکی بەندەری گیرنەیە و لەوێوە بەرەو بەندەری تاشوجوی مێرسینی تورکیا کەوتووەتەڕێ، بەڵام دەستبەجێ دوای جێهێشتنی بەندەرەکە، بە هۆکارێکی نادیار ئاوی تێچووە.
دوای تێچوونی ئاو بۆ ناو کەشتییەکە و لەسەر داوای هاوکاریی کاپتنی کەشتییەکە، لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکان و بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکەوە تیمەکانی رزگارکردن ڕەوانەی ناوچەکە کران.
کەشتییەکە بە 267 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت؛ بەگوێرەی دوایین زانیاری 237 کەس رزگارکراون و حەوت کەسیش گیانیان لەدەستداوە و گەڕان بەدوای 23 سەرنشینەکەی دیکەدا بەردەوامە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
