رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی گیرنەی قوبرسی باکووردا کەشتییەکی گەشتیاری بە 267 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت؛ بەگوێرەی دوایین زانیاری 237 کەس رزگارکراون و حەوت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەرهان ئارکڵێ، وەزیری گواستنەوەی قوبرسی باکوور ئاماژەیکرد، ئاو چووەتە ناو کەشتییەکەوە و دواتر تیمەکان بۆ رزگارکردنی سەرنشینەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە. راشیگەیاند کە ژمارەیەک هێلیکۆپتەریش لە پرۆسەی رزگارکردنەکەدا بەشدارن.
هەروەها ئونال ئوستێل، سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور رایگەیاند، ئەو کەشتییەی ژێرئاوکەوتووە، 267 سەرنشینی هەڵگرتبوو، 237 کەس رزگار کراون و حەوت کەسیش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها گەڕان بەدوای 23 سەرنشینی دیکەدا بەردەوامە.
رووداوەکە کاژێر 12:30ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 30-8-2026 روویدا. کەشتییەکە گەشتیارییە و سەر بە کۆمپانیایەکی بەندەری گیرنەیە و لەوێوە بەرەو بەندەری تاشوجو لە مێرسین کەوتووەتەڕێ، بەڵام دەستبەجێ دوای جێهێشتنی بەندەرەکە، بە هۆکارێکی نادیار ئاوی تێچوو. دوای تێچوونی ئاو بۆ ناو کەشتییەکە و لەسەر داوای هاوکاریی کاپتنی کەشتییەکە، لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکان و بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکەوە تیمەکانی رزگارکردن رەوانەی ناوچەکە کران.
شایەتحاڵان دەڵێن، دوای ئەوەی ئاو چووەتە ناو کەشتییەکەوە، بەشێک لە سەرنشینەکان خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاوە. ژمارەیەک ماسیگری ناوچەکە بە بەلەمەکانیانەوە بەشدارییان لە رزگارکردنی سەرنشیناندا کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
