رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد سوپای تورکیا ئێستا لە بەهێزترین سەردەمیدایە و لە پیشەسازیی بەرگریشدا بێ رکابەرن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 30-8-2026 لە ئەنقەرە بەشداری لە رێوڕەسمی وەرگرتنی بڕوانامەی ئەکادیمیا جەنگییەکانی زانکۆی بەرگریدا کرد و گوتاری پێشکێشکرد.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە چەند لایەنێک کرد دەیانەوێ کاریگەری لەسەر سوپا دروستبکەن و بە ''نانەوەی پشێوی'' ناوی بردن.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کەسانێک بە بڕینی دەماری سوپای تورکیا تۆمەتباریان دەکەن، ئەو کەسانەی بە ''فیتنەچی'' وەسفکرد و گوتی :"سوپاس بۆ خوا، ئەمڕۆ سوپاکەمان لە بەهێزترین سەردەمدایە. شکۆی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیمان لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا ساڵ لەدوای ساڵ بەرزتر دەبێت. لە پیشەسازیی بەرگریدا؛ لە وشکانی، ئاسمانی، دەریایی و بۆشایی ئاسماندا دەتوانین خۆمان سیستمی زۆر باش بەرهەم بهێنین".
ئەردۆغان هەروەها لە وەڵامی ئەوانەی دەڵێن، سوپای تورکیا لاواز بووە، گوتی :"ئێستا سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریمان هەزار و 468 پرۆژە لە هەمانکاتدا بەڕێوەدەبات قەبارەیان زیاترە لە 100 ملیار دۆلار. هەروەها لە پیشەسازیی بەرگریدا رێژەی بەرهەمی خۆماڵیمان بۆ 82٪ بەرزکردووەتەوە، تەنیا لەگەڵ خۆماندا رکابەری دەکەین".
ریزبەندیی سوپای وڵاتان (GFP)
بەگوێرەی ریزبەندیی سەربازیی ناوەندی گلۆباڵ فایەرپاوەر (GFP) بۆ ساڵی 2025، هاوسەنگیی هێزی سەربازی لە جیهاندا تا رادەیەکی زۆر هاوشێوەی ساڵانی پێشووە.
ئەم پێنوێنە لەڕێی شیکردنەوەی زیاتر لە 60 فاکتەری وەکو چەک و تەقەمەنی، دۆخی دارایی، توانای لۆجیستی، تایبەتمەندییە جوگرافییەکان و هێزی مرۆیی وڵاتان، نمرەیەک دیاری کراوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە کانوونی دووەمی 2025دا نوێکراونەتەوە، ئەمریکا پێشەنگی سوپای وڵاتانی جیهانە و رووسیا پلەی دووەمی گرتووە.
چین، هیندستان، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ژاپۆن پلەکانی چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەمیان گرتووە.
تورکیا لە پلەی هەشتەمدایە و لە راپۆرتەکەشدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی بەرهەمی نێوخۆیی ئەو وڵاتە لە بواری سەربازیدا کراوە؛ بەتایبەتی پیشەسازیی بەرگری و درۆن.
هەروەها وڵاتانی پاکستان و ئیتاڵیا پلەکانی نۆیەم و دەیەمیان گرتووە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
