رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە شاری وان رایگەیاند، بەو یاسایەی کە بە 467 دەنگ لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، سەردەمی تووندوتیژی کۆتاییدێت و دادپەروەری بڵاودەبێتەوە. هەروەها رەخنەی تووندی لە سیستەمی بانکی گرت و داوایکرد کەمترین مووچەی خانەنشینان یەکسانی مووچەی کرێکاران بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، پێنجەمین کۆنفرانسی ئاسایی رێکخستنەکانی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە شاری وان بەڕێوەچوو. زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکە، لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر رۆژەڤی سیاسی و ئابووریی تورکیا و باکووری کوردستان.
یاپجیئۆغڵو ئاماژەی بە بانگەوازەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ پتەوکردنی بەرەی ناوخۆ و دامەزراندنی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی" کرد و گوتی: "برینێکی خوێنبەربوومان هەیە کە زیاتر لە سەدەیەکە بەردەوامە؛ چارەسەرکردنی ئەمە تەنیا ئیرادەی پتەو و دڵسۆزیی پێویستە."
سەرۆکی هوداپار جەختیکردەوە کە پارتەکەیان راپۆرتێکی واقیعیی پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە کردووە و گوتی: "تووندوتیژی و چەک زیانی بە هەمووان گەیاند. بەو یاسایەی لە پەرلەمان پەسەندکرا، چەک بێدەنگ دەبێت و برایەتی دێتەدی."
هێرشی کردە سەر سیستەمی ئابووری و رایگەیاند، زۆربەی بودجە بۆ "سوو" دەڕوات نەک بۆ پەروەردە و تەندروستی. ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمریکا 35 تریلیۆن دۆلار قەرزدارە و لە تورکیاش 81%ـی هاووڵاتییانی پێگەیشتوو قەرزداری بانکەکانن. یاپجیئۆغڵو گوتی: "سوو دایکی هەموو نەخۆشییە ئابوورییەکانە و تاوەکو ئەم سیستەمە نەگۆڕدرێت، کرێکاران ئاسوودە نابن."
سەبارەت بە بژێویی هاووڵاتییان، سەرۆکی هوداپار داوایکرد لە پێناسەی کەمترین مووچەدا تەنیا کرێکار نەکرێتە پێوەر، بەڵکو خێزانێکی چوار کەسی لەبەرچاو بگیرێت. گوتیشی: "کەمترین مووچە نابێت لە خوار هێڵی هەژارییەوە بێت و دەبێت کەمترین مووچەی خانەنشینی یەکسان بکرێت بە کەمترین مووچەی کرێکاران."
یاپجیئۆغڵو باسی لە گەندەڵی لەنێو هەندێک دەزگای ئەمنی و دادوەری کرد و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری بە "خراپترین شێوەی کوشتن" وەسفکرد. راشیگەیاند کە پێشنیازەیاسایەکیان داوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی هەر فەرمانبەرێکی حکومی تێوەگلابێت لەو تاوانە، سزاکەی چەند هێندە بکرێت.



