رووداو دیجیتاڵ
دوای پێکرانی دوو کەشتیی تورکیا لە دەریای رەش، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئۆکراینای لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد و نیگەرانییە تووندەکانی وڵاتەکەی لەبارەی کرانە ئامانجی کەشتییەکان پێگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، جەلال نەریمان ئینڤێرۆڤیچ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە ئەنقەرە، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرا. ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی 48 کاژێردا دوو کەشتیی تورکیا لە ناو ئاوەکانی دەریای رەشدا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکەم هێرش رۆژی 26ـی ئابی 2026 بووە، کاتێک کەشتیی (لیدەر بۆردۆ ماڤی) لە نزیک کەناراوەکانی تواپسێ لە دەریای رەش پێکرا. رۆژی دواتر، 27ـی ئابی 2026، کەشتیی (لیدەر کۆجاتەپە) کە بۆ راکێشان و هاوکاریکردنی کەشتیی یەکەم رەوانەی ناوچەکە کرابوو، ئەویش کرایە ئامانج و پێکرا.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، لە دیدارەکەدا کاردانەوەی فەرمیی تورکیا بە باڵیۆزی ئۆکراینا گەیێندراوە و هۆشداریی پێویست دراوە.
تورکیا جەختی کردووەتەوە کە "فەراهەمکردنی ئاسایشی گیانی، ماڵی و ژینگەیی لە دەریای رەشدا پێویستییەکی سەرەکییە" و نابێت کەشتییە بازرگانی و مەدەنییەکان بکرێنە ئامانجی ململانێکان.
ئەنقەرە داوای لە لایەنی پەیوەندیداری ئۆکراینا کردووە کە بە زووترین کات رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو شێوەیە بۆ سەر کەشتییەکانی تورکیا.



