رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 70 کرێکاری وەرزیی کورد و خێزانەکانیان، کە خەڵکی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستانن، لە پارێزگای زۆنگوڵداکی تورکیا رووبەڕووی هێرش بوونەوە. پەرلەمانتاری شرنەخی دەم پارتی داوا دەکات ژیانیان پارێزراو بێ.
ئەو کرێکارانە خەڵکی ناوچەکانی جزیرێ، بۆتان و سلۆپین لە پارێزگای شرنەخ و بۆ کارکردن چوونەتە گوندی (بەکتاشلی) لە سنووری قەزای ئالاپلی سەر بە پارێزگای زۆنگوڵداک.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن نەورۆز ئویسال، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی شرنەخەوە بڵاوکراونەتەوە، کرێکارەکان لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
نەورۆز ئویسال لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری هێرشەکە بوو، پەیوەندی بە پارێزگاری زۆنگوڵداک و قایمقامی ئالاپلییەوە کرد.
هەرچەندە قایمقامی قەزاکە بە پەرلەمانتارەکەیان راگەیاندبوو، "هێزەکانی جەندرمە دەستوەردانیان کردووە و گیانی کرێکارەکانیان پاراستووە"، بەڵام پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رایگەیاند، ئێوارەی هەمان رۆژ و لە کاتی گەڕانەوەیان لە باخەکان، بۆ جاری دووەم هێرش کراوەتەوە سەر کرێکارە کوردەکان.
لە راگەیێندراوی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتیدا هاتووە: "لەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێ کە سەرەڕای ئامادەیی هێزەکانی جەندرمە لە شوێنی رووداوەکە، نەتوانراوە رێگری لە هێرشەکە بکرێ."
دوای زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان، قایمقامی ئالاپلی رایگەیاند، کار بۆ گواستنەوەی کرێکارەکان و خێزانەکانیان بۆ شوێنێکی ئارام یان زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە شوێنی مانەوەیان دەکات.
قایمقامی ئالاپلی ئاماژە بەوەش کرد، داواکاری گشتیی ئالاپلی لێکۆڵینەوەی یاسایی لەبارەی هێرشەکانەوە دەستپێکردووە.
کرێکاری وەرزیی کێن؟
ساڵانە بەهەزاران کرێکار لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، بۆ کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان روو لە ناوچەکانی دیکەی تورکیا دەکەن. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەم کرێکارانە لە دۆخێکی مرۆیی و تەندروستیی سەختدا دەژین و رووبەڕووی چەندین گرفتی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
هەرچەندە ئامارێکی ورد و فەرمی لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2014 کراوە، ژمارەی کرێکارە وەرزییەکان لە تورکیا بە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێ.
هاوکات دەستەی ئاماری تورکیا ئاشکرایکردووە کە لە ساڵی 2023دا، رێژەی 8.3%ی ئەو کۆچکردنە نێوخۆییانەی لە تورکیا تۆمارکراون، بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بووە.


