رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی، سەردانی مەهدی زانا، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد و هاوژینی لەیلا زانای کرد، کە ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
تونجەر باکرهان، دوای سەردانەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لەبارەی تەندروستیی مەهدی زاناوە زانیاری لە پزیشکەکان وەرگرتووە.
باکرهان، رایگەیاند: "مەهدی زانا، کەسایەتییەکە کە لە سەختترین قۆناخەکانی مێژووی سیاسیی کورددا خەباتی کردووە و باجی داوە."
باکرهان، هیوای خواست مەهدی زانا هەرچی زووە چاکببێتەوە و گوتی: "هیوادارم لە زووترین کاتدا تەندروستیی بەدەستبهێنێتەوە و بگەڕێتەوە ناومان. هیوای شیفای بەپەلە بۆ بەڕێز زانا دەخوازم."
مەهدی زانا ماوەیەکی زۆرە بەدەست نەخۆشیی سییەکانەوە دەناڵێنێت و لە رۆژی 13ـی ئابی 2026ـەوە لە نەخۆشخانەی تایبەتی (گێنیسیس) لە ئامەد خەوێندراوە.
مەهدی زانا کێیە؟
لە ساڵی 1940 لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکبووە.
لە ساڵانی 1978-1980 سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد بووە.
یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و چەندین ساڵ لە زیندانی ئامەد بوو.
کتێبی (چاوەڕوان بە دیاربەکر)ـی نووسیوە، کە باس لە ژیانی خۆی لە زیندانی ئامەد دەکات.
مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد (لەیلا زانا)ـیە و باوکی دوو منداڵە بەناوەکانی رووکەن و رۆنای.



