رووداو دیجیتاڵ
پارتی ئایندە کە لەلایەن ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیاوە دامەزرابوو، دوای حەوت ساڵ لە تەمەنی سیاسی، لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا لە ئەنقەرە بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، پارتی ئایندە بە بەشداریی ئەندامانی پارتەکە کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە ئەنقەرە رێکخست. لە ئەنجامی دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرەدا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و راگرتنی تەواوی چالاکییە سیاسییەکانی درا.
پارتی ئایندە لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا لەبارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان رایگەیاند: "لەو رۆژەی پارتەکەمان دامەزراندووە، سیاسەتمان وەک گەڕان بەدوای پلە و پۆستدا نەبینیوە؛ بەڵکو وەک بەرپرسیاریێتییەک بەرامبەر بە گەلەکەمان بینیومانە. بۆ ئەوەی نەبینە بەشێک لەو کەشوهەوا سیاسییە پیسەی کە تورکیای تێدایە و بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانمان، بڕیارماندا کۆتایی بە چالاکییە سیاسییەکانمان بهێنین."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە وازهێنان نییە، بەڵکو "ئیرادەی پاراستنی ئەو بەهایانەیە کە باوەڕمان پێیەتی و پاراستنی زەمینەی ئەخلاقیی سیاسەتە."
داودئۆغڵو و ماڵئاوایی لە سیاسەت
ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی کۆنگرە دوای ئەوە دێت کە لە 29ـی تەممووزی ئەمساڵدا، ئەحمەد داودئۆغڵو، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی ئایندە، لە هەژماری فەرمیی خۆی دەستبەرداربوونی لە سیاسەت و بڕیاری داخستنی پارتەکەی ئاشکراکردبوو. داودئۆغڵو سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا لەگەڵی بوون.
پارتەکە رایگەیاند: "لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەماندا کە لە 22ـی ئابی 2026؛ لە ئەنجامی دەنگداندا بە بەشداریی ئەندامانمان، بەفەرمی بڕیاری کۆتاییهێنان بە چالاکییە سیاسییەکانی پارتی ئایندە و هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکەمان دا."
پارتی ئایندە لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا
پارتی ئایندە لە 12ـی کانوونی دووەمی 2019 دامەزراوە، ساڵی 2023 بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیای کرد و لە چوارچێوەی "هاوپەیمانیی میللەت: جەهەپە، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکرات، پارتی ئایندە و پارتی دێڤا" 10 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
دواتر لەگەڵ پارتی سەعادەت فراکسیۆنی "رێگەی نوێ"یان بە 20 پەرلەمانتارەوە پێکهێنا. 22ـی ئابی 2026 پارتەکە بەفەرمی هەڵوەشێندرایەوە.



