رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی یەک ساڵەی لێکۆڵینەوەدا نەخشەی 172 گۆڕستانی سەربازی و مۆنیومێنتی وڵاتەکەی لە 48 وڵاتی جیاوازی جیهان ئامادە کرد.
پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەسازی لە وەزارەتی بەرگری ئامادەکراوە و لەژێر ناوی (نەخشەی گۆڕستان و مۆنیومێنتە سەربازییەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات) بە شێوەی ئۆنلاین لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بڵاوکراوەتەوە.
فاتیح کالێ، رێکخەری پڕۆژەکە رایگەیاند، کارەکانیان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی دەرەوە، سەرۆکایەتیی ئاژانسی هاوکاری و هاوئاهەنگی تورکیا و چەندین دامەزراوەی ئەکادیمی و سەربازی بەڕێوەبردووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی وردیی مێژوویی زانیارییەکان.
رێکخەری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، نەخشەکە لە داهاتوودا فراوانتر دەکرێ، چونکە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان پێشبینی دەکرێ لە گوندەکان و گۆڕەپانەکانی جەنگەکانی کۆندا گۆڕی دیکەی تۆمارنەکراو هەبن.
لە نەخشەکەدا هەوڵ دراوە بە وردی وێنە، جلوبەرگ، چەک و کەرەستەی سەربازیی سەردەمە جیاوازەکان بخرێتەڕوو، لەوانەش وێنەی سەربازانی سەردەمی عوسمانی لە یەمەن و هیندستان، کەشتییە کۆنەکان و فڕۆکە جەنگییەکان.
لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و لە جەنگی جیهانیی یەکەم، جەنگی کۆریا و ئەرکە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی دواتردا هەزاران سەرباز، دیپلۆمات و کارمەندی سەر بە تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم گۆڕستانانە لە کیشوەرە جیاوازەکاندا حکومەتی تورکیا لە رێگەی دروستکردنی ئەم نەخشە دیجیتاڵییەوە هەوڵ دەدات ئەرشیفێکی نیشتمانیی - سەربازی لە ئاستی جیهاندا پێکبهێنێت.



