رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وەڵامی لێدوانەکانی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و رایگەیاند، ئەم لێدوانانە نیشانەی لاوازیی دەسەڵاتێکە کە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا تۆمەتی کۆمەڵکوژیی لەسەرە.
لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتیی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، ئامانجی بنیامین نەتەنیاهوو و کابینەکەی لەم جۆرە لێدوانانە، بەکارهێنانییانە وەک کارتێک لە هەڵبژاردنەکانی نێوخۆدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم بێدەنگنەبوونەی تورکیا و هەڵوێستی رەجەب تەیب ئەردۆغان بووەتەهۆی دروستبوونی دڵگرانییەکی زۆر بۆ ئیسرائیل؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە "هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پیشاندانی تورکیا وەک مەترسییەکی نوێ، بەشێکە لە سیاسەتێکی هەرزان بۆ دەستکەوتی هەڵبژاردن. دروستکردنی ئاڵۆزی و بەکارهێنانی هەڕەشە لە کێبڕکێی سیاسەتی ناوخۆدا مەترسییەکی جیدییە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان."
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا باس لەوە دەکات کە ئەنقەرە لەسەر هەڵوێستی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ستەملێکراوان و پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.
رۆژی هەینی، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەخنەی تووندی لەتورکیا گرت و بەڵێنی دا کە ئیسرائیل "بەردەوام دەبێت لە کاردانەوەی تووند دژی هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە."
ئەم قسانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هاتن کە هەر ئەمڕۆ هەینی، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2025، دادگای 11ی سزای قورس لە ئیستەنبووڵ بە ژمارە دۆسیەی 2026/108 پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ 35 تۆمەتبار دەستپێکردووە کە بنیامین نەتانیاهووی تێدایە.
ئاکن گورلەک گوتی، داواکارییەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردووە تاوەکو لە رێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ)ـەوە (ئاگادارکردنەوەی سوور) بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەربکرێ.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی نەتەنیاهوودا هاتووە: "لە کۆنەوە وا بووە کە ئیسرائیل بە دووڕووییەکانی تورکیا سەرسام نابێت. ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژەجووە کە کوردەکانی کۆمەڵکوژ کردووە، پاڵپشتی لە کۆمەڵکوژییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس دەکات و گەلەکەی خۆیشی دەچەوسێنێتەوە."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئیسرائیل "بەردەوام دەبێت لە کاردانەوەی تووند دژی هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشەکەی."



