رووداو دیجیتاڵ
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) پەیامێکی فەرمی و روونکردنەوەیەکی گشتگیر بۆ سەرجەم رێکخستنەکانی دەنێرێت و دەرگای "مافی هیوا" لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دادەخات؛ جەختیش دەکاتەوە کە ئەوەی دەگوزەرێت "پڕۆژەی دەوڵەتە، نەک دانوستاندن."
سەرۆکایەتیی کاروباری سیاسی و یاسایی ئاکپارتی، رێبەرێکی لە شێوەی "پرسیار و وەڵام" لەبارەی یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" بۆ ئەندامانی حزبەکەی ئامادە کردووە.
ئەم رێبەرەی ئاکپارتی کە بە واژۆی هایاتی یازیجی، یاریدەدەری سەرۆکی حیزبەکە بۆ کاروباری رێکخستن بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی "گوتاری هاوبەش بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر"دایە و تێیدا چوارچێوەی گوتاری سیاسیی حیزبەکە بەرامبەر پرسیارە جدییەکانی شەقام دیاریکراوە.
"ئەمە پڕۆژەی دەوڵەتە نەک دانوستاندن"
لە رێبەرەکەدا ئاماژە بەوە کراوە پڕۆسەکە هەنگاوێکی گرنگە و بە هاوئاهەنگیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی بەڕێوەدەچێت. ئاکپارتی جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی، چەکدانانی پەکەکە و کۆتاییهێنانە بە بوونی ئەو رێکخراوە و دەڵێت: "هیچ کار و کردەوەیەک لە میلـەتەکەمان ناشاردرێتەوە. ئەمە پڕۆژەیەکی مێژوویی دەوڵەتە بۆ رزگارکردنی تورکیا لە باری قورسی تیرۆر."
'مافی هیوا' ئۆجەلان ناگرێتەوە
یەکێک لە پرسە هەرە گەرمەکانی شەقامی تورکیا، ئەگەری ئازادکردنی ئۆجەلان یان پێدانی "مافی هیوا"یە . ئاکپارتی لەم رووەوە بە زمانێکی یاسایی وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: "لە دەقی یاساکەدا هیچ ئاماژەیەک بە 'مافی هیوا' یان 'لێبووردنی گشتی' نەکراوە. ئەو کەسانەی پێش 1ـی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی هەتاهەتایی تووندیان بۆ دەرچووە، ئەم یاسایە نایانگرێتەوە، بۆیە لە رووی یاساییەوە مەحاڵە ئۆجەلان سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت."
کێ ناتوانێت سوود لە یاساکە وەربگرێت؟
ئاکپارتی رایگەیاندووە یاساکە بۆ "کەسێکی دیاریکراو" نییە و لێبووردنیش نییە. جەخت کراوەتەوە ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتنی سەرباز، پۆلیس و هاووڵاتیانی سڤیلدا هەبووە، بە هیچ شێوەیەک ئەم یاسایە نایانگرێتەوە.
هێڵە سوورەکان: دانوستاندن و سازش نییە
لە رێبەرەکەدا هاتووە کە دەوڵەت هیچ "سازشێک" ناکات و "دانوستاندن و سەوداکردن" لە ئارادا نییە؛ بەڵکو مەبەست تەنیا کۆتاییهێنانە بە تیرۆر لە رێگەی یاسا و هێزی دەوڵەتەوە. مەرجە بنەڕەتییەکانیش بریتین لە: "چەکدانانی تەواوەتی، کردنی سیاسەتی دیموکراسیی بە تەنیا زەمینەی شەرعی و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا."
"زمانێکی نەرم" بەکاربهێنن
ئاکپارتی داوا لە ئەندامانی دەکات وریای هەر جۆرە "خراپ بەکارهێنان و شڵەژان" بن و دەڵێت: "پێویستە گوتارێکی هاوبەش لەسەر بنەمای برایەتیی بنیات بنرێت. نابێت هیچ شتێک بگوترێت کە کاریگەریی خراپ بکاتە سەر ئەو باجەی لە شەڕی تیرۆردا دراوە. بەڵکو دەبێت زمانێکی لەباوەشگرتنی هەمووان بەکاربهێنرێت."
رۆژی 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەش کرابوو.


