رووداو دیجیتاڵ
گۆڕی عارف ئەحمەد دەنیزئۆڵگون، وەزیری پێشووتری گواستنەوەی تورکیا کە رێبەری پێشووی جەماعەتی سولەیمانچییەکانیش بوو، دوای 10 ساڵ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە هەڵدرایەوە.
رێبەری پێشووی جەماعەتی سولەیمانچییەکان کە ساڵی 2016 لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیستەنبووڵ کۆچی دوایی کردبوو، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە مردنە گوماناوییەکەی، دوای 10 ساڵ گۆڕەکەی لە گۆڕستانی کاراجائەحمەدی ئیستەنبووڵ هەڵدرایەوە.
لە رێی ئەو نموونانەی وەرگیراون، لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت کە ئایا دەنیزئۆڵگون بە شێوەیەکی ئاسایی کۆچی دوایی کردووە، یان کوژراوە!
تۆمارکردنی سکاڵا دوای 10 ساڵ
عارف ئەحمەد دەنیزئۆڵگون، نەوەی سولەیمان حیلمی توناهان (دامەزرێنەری سولەیمانچییەکان)، رێبەری پێشووی جەماعەتەکە و وەزیری پێشووتری گواستنەوەی تورکیا بوو، 7ی ئەیلوولی 2016 لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی بێیکۆزی ئیستەنبووڵ کۆچی دوایی کرد.
دەنیزئۆڵگون کە ئەوکات راگەیێندرابوو بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە گیانی لەدەستداوە، لە گۆڕستانی کاراجائەحمەد بەخاک سپێردرا.
محەممەد بەیازت دەنیزئۆڵگون، برای دەنیزئۆڵگون و فاتیح سولەیمان دەنیزئۆڵگونی برازای، دوای نزیکەی 10 ساڵ، رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2026، لە داواکاری گشتیی باکرکۆی سکاڵای یاساییان تۆمارکرد.
لەو داواکارییەی پێشکێشی داواکاری گشتی کراوە، ئاماژەکراوە کە گیانلەدەستدانی عارف ئەحمەد دەنیزئۆڵگون گوماناوییە و داوا کراوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە عایشە گولدەرەن دەنیزئۆڵگون کوریش (خوشکی عایف ئەحمەد دەنیزئۆڵگون)، ئالیهان کوریش (خوشکەزای و رێبەری ئێستای جەماعەتەکە کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رێکخراوی تاوانکاریدا دەستگیر کراوە)، حیلمی تونا کوریش و گومانلێکراوانی دیکە کە لە لێکۆڵینەوەکەدا دیاری دەکرێن، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست بە پلانی پێشوەختە" دادگەیی بکرێن.
لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە بەرپرسانی جەماعەتی سلێمانچییەکان لەلایەن حکومەتەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە دەستی پێکردووە.
سولەیمانچییەکان
جەماعەتی ئایینیی تورکیان کە بنچینەکەیان بۆ زانای ئایینی، سولەیمان حیلمی توناهان دەگەڕێتەوە. ئەو کۆمەڵەیە بەتایبەت بە فێرکردنی قورئان، خوێندنی ئایینی و چالاکییەکانی پەروەردەی رۆحی خۆیان دەناسێنن.
خولەکانی قورئان، بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران، ناوەندەکانی خوێندن و سازکردنی کۆڕی ئایینی لە چالاکییەکانی ئەو جەماعەتەن.
سولەیمانچییەکان لە دەرەوەی تورکیاش، بەتایبەتی لە ئەورووپا و چەندین وڵاتی دیکەدا چالاکییان هەیە.


