رووداو دیجیتاڵ
میدیای تورکیا پلانی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بە شێوەی 10 هەنگاو بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 10-8-2026 پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە لە 12 خاڵ پێکدێت، لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، ئەمڕۆ سێشەممە میدیای ئەو وڵاتە هەنگاوەکانی چەکدانانی پەکەکەی بە شێوەی 10 خاڵ بڵاوکردەوە.
لە کۆی 592 پەرلەمانتار، 563 پەرلەمانتار بەشدارییان لە دەنگدانی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریدا کرد؛ لەو پەرلەمانتارانەش 467یان دەنگی بەڵێ و 87یان دەنگی نەخێریان دا. هەروەها حەوت پەرلەمانتار بێلایەن بوون.
راستەوخۆ دوای دەنگدانەکە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند کە ئەو پرۆژەیاسایە لەوکاتەوە بووەتە یاسا.
ئەمە وایکرد چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاساکە و بەتایبەتیش شێوازی چەکدانانی پەکەکە ببێتە رۆژەڤ.
میدیای تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 11-8-2026 شێوازی چەکدانانەکەی بە شێوەی 10 هەنگاو بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیەیە:
1- سەرجەم چەک، تەقەمەنی، درۆن، پارامۆتۆر (پەڕەشووتی پێشکەوتوو)، بێتەلی مانگی دەستکرد و سەرجەم کەلوپەلەکانی سەر بە رێکخراوەکە رادەست دەکرێن.
2- دوای چەکدانان، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بەدواداچوونی مەیدانی دەکات و بابەتەکە پشتڕاستدەکاتەوە.
3- لەژێر رۆشنایی گوتەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە خۆیان رادەست دەکەن، شوێنی کۆگاکانی چەک دەستنیشان دەکرێن.
4- ئەو چەکانەی کە شوێنیان دیاری دەکرێت، رادەست دەکرێن.
5- سەرجەم ئەو چەک و تەقەمەنی و بۆمبانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لەلایەن دەوڵەتەوە تۆمار دەکرێن.
6- ئەرکی وەرگرتنی چەکەکانی دەرەوەی وڵات لە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا (سوپا) دەبێت، لە ناوخۆی وڵاتیشدا لەژێر دەسەڵاتی دەزگاکانی پۆلیس و جەندرمەدا دەبێت.
7- ئەندامانی پەکەکە لە دەرەوەی تورکیا، دەتوانن لە رێی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەوە، بە شێوەی کەسی یان لە رێی پارێزەرەوە داواکاریی خۆڕادەستکردن پێشکێش بکەن.
8- ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە خۆیان رادەست نەکردووە، دەتوانن خۆیان بەتەنیا، یانیش بە کۆمەڵ لە شارەکاندا خۆیان رادەست بکەن.
9- دوای پشتڕاستکردنەوەی رادەستکردنی چەکەکان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی پەکەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە، بڕیار لەمبارەیەوە دەدرێت.
10- بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا، میکانیزمەکانی دیکە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.



