رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتیمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری.
دوای 9 کاژێر تاوتوێکردنی ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە، بە 467 دەنگی "بەڵی" پرۆژەیاساکە پەسند کرا.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بەدەستهێنانی 467 دەنگی بەڵێ هاودەنگییەکی دەگمەنە لە مێژووی پەرلەماندا و سەلمێنەری ئەوەیە کە پرۆسەکە لەلایەن پارتە سیاسییەکان و گەلەوە پێشوازی لێکراوە.
دابەشبوونی دەنگەکان لە هۆلی پەرلەمان بەم جۆرە بووە:
لەکۆی 277 پەرلەمانتاری ئاکپارتی، 268 پەرلەمانتار بەشداری دەنگدانیان کردووە و بە "بەڵێ" دەنگیان داوە.
پارتی نوێ، کە چەند کاژێرێک بەر لە دانیشتنی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی داخراوی بۆ پەرلەمانتارەکانی کرد، پەرلەمانتارەکانی سەرپشک کرد لەوەی کە چۆن دەنگ بدەن. لەکۆی 91 پەرلەمانتار ئەو پارتە، 89 پەرلەمانتار بەشداری دەنگدانیان کرد و 35 پەرلەمانتار بە "بەڵێ"، 54 بە "نەخێر" دەنگی داوە.
دەم پارتی لەکۆی 56 پەرلەمانتار، یەک پەرلەمانتاری ئەو پارتە بەشداری دەنگدانی نەکردووە و 55 پەرلەمانتاری بەشداربوو ، بە "بەڵێ" دەنگی داوە.
مەهەپە، کە خاوەنی 46 پەرلەمانتارە، 44 پەرلەمانتاری بەشداری دەنگدانیان کرد و هەر هەموویان بە "بەڵێ" دەنگیان داوە.
لە کۆی 45 پەرلەمانتاری جەهەپە، 31 پەرلەمانتار بەشداری دەنگدانیان کردووە؛ 29 دەنگی "بەڵێ" و 2 دەنگی "نەخێر"یان هەیە.
ئیی پارتی کە لەسەرەتاوە دژایەتی پرۆسەی چارەسەری دەکات، خاوەنی 29 پەرلەمانتارە و هەر هەموویان بە "نەخێر" دەنگیان داوە.
ئەو 48 پەرلەمانتارەی دیکە کە سەر بە پارتە بچووکەکان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆن، 36یان بە "بەڵێ" دەنگیان داوە، 2 دەنگی "نەخێر" هەیە و لەگەڵ 7 دەنگی "بێ لایەن". لەو 7 دەنگ؛ 3 دەنگ سەر بە پارتی رێگای نوێ و 4 دەنگیش هی پارتی سەرلەنوێ رەفاه (فاتیح ئەربەکان)ـە.



