رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ئۆزگور ئۆزەل و دەوڵەت باخچەلی کە بە پێکەنین و گاڵتەوە قسە دەکەن، زانیاری لەبارەی گفتوگۆکەیان بڵاوکرایەوە.
لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی نێوان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ بڵاوکرایەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی.
لە وینەکەدا ئۆزگور ئۆزەل، دەوڵەت باخچەلی و ژمارەیەک پەرلەمانتار پێدەکەنن. بەگوێرەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە نزیکیان وەستاون، باخچەلی بە پێکەنینەوە پرسیاری لە ئۆزگور ئۆزەل کردووە:"ئێمە لە ماوەی 57 ساڵدا فراکسیۆنێکی 46 کەسیمان هەیە، ئێوە چۆن لە یەک شەودا گەیشتنە 91 پەرلەمانتار؟"
لەوکاتەدا هەردوو لا پێکەنین و کامێراکانیش وێنەی ئەو ساتەیان گرت و بڵاویان کردەوە. وێنەکە لە میدیای تورکیادا بڵاوکراوەتەوە و بووەتە جێی مشتومڕ، بەتایبەتی کە دەوڵەت باخچەلی زۆر بە دەگمەن پێدەکەنێت، گاڵتە و قسەی کۆمێدی دەکات.
دابەشبوونی جەهەپە
رۆژی 21ـی ئایاری 2026 دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد، کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کرد.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و زیاتر لە 100 سەرۆک شارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بە ناوی یەنی پارتی (پارتی نوێ) دامەزراند. بە دامەزراندنی، ئەو پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی تورکیا.
هەڵوێستی باخچەلی لەبارەی ئۆزەل
ئەوکاتەی ئۆزگور ئۆزەل ناچار بوو لە جەهەپە دەربچێت و پارتێکی نوێی دامەزراند، دەوڵەت باخچەلی هەڵوێستی ئەرێنیی نیشاندا و گوتی:"هەوڵ و ماندووبوونی سیاسیی بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل، چ لەژێر چەتری پارتی گەلی کۆمارییدا، چ لەو پۆستی سەرۆکایەتییەی ئێستا روون و ئاشکرایە. بەتایبەتی کە 91 پەرلەمانتار باوەڕیان بە سیاسەتەکەی هەیە و ئەو جەماوەرە دەنگدەرە چاوەڕوانکراوانەی کە هیوای باشیان بۆ دەخوازن. حەز ناکەین بەڕێز ئۆزەل دڵتەنگ بێت، کەسایەتیی سیاسیی لە نێوان گفتوگۆ سیاسییەکاندا بریندار بکرێت، یان ببێتە ئامانجی ئەو کێشمەکێشەی لە نێوان باڵی جەهەپە و پارتی نوێ بەردەوامە. چۆن لە رووی یاساییەوە رێز لە مافی بەڕێز کڵچدارئۆغڵو گیراوە، بە هەمان شێوە پێویستە رێز لە ئەزموون و پێگەی بەڕێز ئۆزەلیش بگیرێت."
هەروەها داوای لە ئۆزگور ئۆزەل و کەمال کڵچدارئۆگڵوش کرد، دان بەخۆیاندا بگرن.



