رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری "ناوەندی راپرسیی راوەست" لە ئەنقەرە رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پشتیوانییەکی بەرچاو لەنێو شەقامی کورد و تورکدا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری هەیە، بەڵام گومان و بێ متمانەیی لە دەرەنجامەکانی، بووەتە هەستی باڵادەستی هەردوولا. دەشڵێت، ماندووبوونی خەڵک لە 40 ساڵ شەڕ، وایکردووە خواستیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە زیاتر بێت، بەڵام بۆ بەهێزبوونی متمانە، چاوەڕێی هەنگاوی کرداری دەکەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی رای گشتیی کورد و تورک لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی. رۆژ گیراسون، بەڕێوەبەری ناوەندی راپرسیی راوەست، بە تۆری میدیای رووداوی رایگەیاند: "کاتێک پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد، رای گشتیی کورد و تورکیا تووشی سەرسوڕمان بوون، چونکە نزیکەی 10 ساڵە هاوپەیمانیی جمهور لە تورکیا دەسەڵاتدارە و سیاسەتی ئەمنی لە پرسی کورددا کردبووە بنەما."
گیراسون ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی ئەو پارتە، وەک "ئاستەنگ" لەبەردەم چارەسەریدا دەبینران، "بەڵام لێدوانەکەی باخچەلی لە تشرینی یەکەمی 2024دا، رای گشتیی تورکیا و کوردی تووشی شۆک کرد."
بەڕێوەبەری ناوەندی راپرسیی راوەست، پرۆسەی ئێستا بە پرۆسەی ساڵی 2013 بەراورد دەکات و دەڵێت: "ئەم پرۆسەیە جیاوازە لە پرۆسەکانی پێشوو و ئەم جیاوازییە لەنێو رای گشتی و کۆمەڵگەدا رەنگیداوەتەوە. ساڵی 2013، کاتێک لە کۆڵانەکانی ئامەد و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان دەگەڕایت، هەستی سەرەکی، جۆش و خرۆش و هیوا بوو. بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2024ەوە، هەستی سەرەکی نادیاری، گومان و ترسە."
بە گوتەی گیراسون، لەنێو رای گشتیی کورددا پرسیاری "ئەگەر ئەمجارە سەرنەکەوێت، ئیدی چۆن سەردەکەوێت؟" باڵادەستە، چونکە شکستی پرۆسەی پێشوو، "تراومایەکی گەورە"ی بەجێهێشتووە.
ماندووبوون زاڵە بەسەر هیوادا
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی رای گشتیی کورد لە سەرەتای پرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا، رۆژ گیراسون گوتی: "لە سەرەتای پرۆسەکەدا، نزیکەی 50% بۆ 60%ی رای گشتیی کورد پشتیوانییان لە پرۆسەکە دەکرد و هیوایان پێی هەبوو. ئێستا زۆرینەی کورد پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن و ترسیشیان کەمبووەتەوە، بەڵام هیوایان وەک پێویست گەش نییە."
گیراسون پێیوایە، "رۆحی کۆمەڵگەی کورد لە شارەکانی باکووری کوردستان، ماندووبوونێکی قووڵ نیشان دەدات. دوای 40 ساڵ لە پێکدادانی نێوان پەکەکە و دەوڵەت، کۆمەڵگە ماندووە و دەیەوێت پرۆسەکە بەردەوام بێت. واتە، زیاتر لە هیوا، ماندووبوون پاڵنەری سەرەکییە."
پشتیوانیی تورکەکان بەهێزە، بەڵام متمانەیان نییە
لەبارەی رای گشتیی تورکیاوە، گیراسون ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا پشتیوانی کەم بوو، بەڵام "لە تشرینی یەکەمەوە رۆژ بە رۆژ پشتیوانی بۆ پرۆسەکە زیاتر بووە." بەڵام گوتیشی: "پشتیوانییەکە بەهێزە، بەڵام متمانە لاوازە."
گیراسون رای گشتیی تورکیا لەمبارەیەوە بەسەر سێ بەرەدا دابەش دەکات:
یەکەم، لایەنگرانی هاوپەیمانیی جمهور (ئاکپارتی و مەهەپە): باوەڕیان نییە پەکەکە چەک دابنێت.
دووەم، لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن: پرۆسەکە وەک هەنگاوێکی هەڵبژاردن بۆ مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا دەبینن.
سێیەم، بەشێک لە تورک و کوردەکان: متمانەیان کەمە کە مافە دیموکراتی و رەواکانی کورد دابین بکرێن.
چاوەڕوانیی هەنگاوی کرداری
سەبارەت بەوەی رای گشتی چاوەڕوانی چییە بۆ ئەوەی متمانەی بە پرۆسەکە زیاد بکات، رۆژ گیراسون گوتی: "رای گشتی چاوەڕێی سێ هەنگاوی سەرەکییە: یەکەم، لابردنی قەییومەکان لەسەر شارەوانییەکان. دووەم، وەک هێمایەک، کۆتاییهێنان بە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش. سێیەم، کۆتاییهێنان بە دۆزی کۆبانێ."
بەڕێوەبەری ناوەندی راپرسیی راوەست پێیوایە ئەگەر ئەم هەنگاوانە بنرێن، "لە ماوەیەکی کورتدا پشتیوانییەکان زیاتر دەبن،" چونکە وەک خۆی دەڵێت، "شەرعیەتی ئەم پرۆسەیە لە پرۆسەکانی پێشوو زیاترە، چونکە لێدوانەکەی باخچەلی شەرعیەتی دەوڵەتی پێداوە. جگە لە پارتە بچووکە پەڕگیرە نەتەوەپەرستەکان، هیچ لایەنێک لە تورکیا دژی پرۆسەکە ناوەستێتەوە. هەروەها، رای گشتیی کورد و سیاسەتی کوردیش ئامادەترن بۆ ئەم قۆناغە."


