رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی نوێ رایگەیاند، بە بەڵێ دەنگ بە پرۆژەیاساکە دەدەن.
بەر لەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 10-8-2026 کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەستپیبکات، پارتی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر پرۆژەیاساکە رێکخست.
ئۆزەل گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ئەوان لە هەمووان زیاتر مافی گوتنی 'نەخێر'یان بۆ ئەو یاسایە هەیە، بەڵام ئەو مافە ناخەنە پێش مافی ئاشتیی گەلەوە و گوتی:"من و بەرپرسانی پارتەکە، لە چوارچێوەی جێگیریی مێژوویی و بەرپرسیارێتیدا دەنگی 'بەڵێ' بەم یاسایە دەدەین، بەڵام بە هاووڵاتیانمان رادەگەیێنم کە پارتەکەمان لەلایەن گەلەوە دامەزراوە. بەم هۆیەوە، پەرلەمانتارەکانمان بەپێی ئەوەی لەو پارێزگایانەی لێی هەڵبژێردراون چی دەگوترێت، بڕیار دەدەن و دەنگ دەدەن. بەم دەربڕینە فراکسیۆنەکە سەرپشک ناکەم؛ بەڵکو بەپێچەوانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری، نیگەرانی و هیواکانی پارێزگاکەی، ناوچەکەی و ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات، ئەوان لەگەڵ بەرپرسیارێتی و نوێنەرایەتیی گەل بەتەنیا جێدەهێڵم. هیچ پەرلەمانتارێکی ئێمە بێ بیستنی دەنگی ئەندامان و گەلەکەی، رەفتار ناکات."
ئۆزگور ئۆزەل کە تازە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) جیابووەتەوە و ئێستا وەکو پارتی نوێ بە 91 پەرلەمانتارەوە دووەم پارتی پەرلەمانی تورکیایە، گوتی: "هەر لە سەرەتاوە گوتمان ناونیشانی چارەسەرکردنی ئەم پرسە پەرلەمانە. کاتێک کۆمیسیۆن پێکهێنرا، بەشداریمان کرد. سەرەڕای هەموو تێکدەرییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ ماینەوە. لەگەڵ ئاکپارتی و پارتەکانی دیکەدا هەندێک جار لەسەر هەمان مێز کۆبووینەوە و هەندێکجاریش جیاوازیمان هەبوو، بەڵام درێخیمان لە پێشکێشکردنی هاوکاریی بونیاتنەرانە نەکرد. لە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆندا هاوئاهەنگیمان کرد و واژۆشمان کرد".
ئۆزگور ئۆزەل راشیگەیاند لە سیاسەتدا گرنگییان بە جێگیریی مێژوویی و پرەنسیپ داوە و گوتی:"ئێمە هیچ کاتێک بە تەماشاکردنی رۆژژمێری هەڵبژاردن نزیکی ئەم پرسە نەبووینەتەوە. بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکان قسەمان نەکردووە، کاتێک بارودۆخەکە گۆڕا، گوتار و هەڵوێستی خۆمان نەگۆڕی. لەوانە نەبووین کە کاتێک لە بەرژەوەندییاندا بێت بڵێن'چارەسەری' و کاتێکیش لە بەرژەوەندییاندا نەبێت، هەموو کورد بە تیرۆریست بزانین".
پرۆژەیاساکە لە پەرلەمانی تورکیادا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.


