رووداو دیجیتاڵ
بە 269 دەنگی بەڵێ و 28 دەنگی نەخێر، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا دەست بە گفتوگۆکردن لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بکات.
لە دەنگدانێکدا کە لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ماددەکانی پڕۆژەیاساکە دانە بە دانە تاوتوێ بکرێن و دەنگیان لەسەر بدرێت، چاوەڕێ دەکرێ دوای ئەو قۆناخە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت.
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی مەهەپە رایگەیاند: "دەستپێکردنی پرۆسەی گفتوگۆکردنی ماددەکانی پڕۆژەیاساکە پەسندکرا. ئێستا دەست بە گفتوگۆ لەسەر بەشی یەکەم دەکەین. بەشی یەکەم، ماددەکانی یەک تاوەکو شەش لەخۆدەگرێت."
دەنگدانەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا بە بەشداریی 297 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو. 269 دەنگی بەڵێ و 28 دەنگی نەخێر دران.
پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە پشتیوانیی تەواوەتیی پرۆژەیاساکەیان کرد.
دەم پارتیش پشتیوانیی کرد و هاوکات چەند تێبینییەکی هەیە.
پارتەکانی دیکەش جگە لە ئیی پارتی دژایەتیی پرۆژەیاساکە ناکەن، بەڵام بەشێکیان
رەخنەیان لە وردەکاری، شێوازی نووسین و چۆنیەتیی بەرێوەچوونی پرۆسەکە هەیە.
ئیی پارتی بە تەواوی پرۆسەی چارەسەریی رەتکردەوە و دەنگی نەخێریشی بە
تەواوی مادەکانی پرۆژەیاساکە دا.


