رووداو دیجیتاڵ
سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، پڕۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەری، سەرەتایەکە بۆ گواستنەوەی کێشەی کورد لە مەیدانی شەڕەوە بۆ ناو کایەی سیاسەت و یاسا. ئەرەن ئاماژەی بەوە کرد هەرچەندە یاساکە هەموو کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵام دەبێتە هۆی ئازادکردنی نزیکەی سێ هەزار و 900 زیندانی و گەڕانەوەی نزیکەی 10 هەزار کەس لە دەرەوەی وڵات و چیاکان بۆ ناو ژیانی سیاسی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە دەم پارتی پشتیوانی لە چەکدانان دەکات، چونکە بڕوایان وایە کێشەی کورد بە چەک چارەسەر نابێت.
دەقی چاوپێکەوتنەکە
رووداو: هەڵوێستی ئێوە وەکو دەم پارتی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیاسایە چییە، پێش ئەوەی ئەمڕۆ بچنە ناو کۆبوونەوەی پەرلەمان؟
سەرحەد ئەرەن: یاساکە دێتە پەرلەمان. کاتێک هاتە پەرلەمان، لەسەر ناوی پارتەکەمان، هاوسەرۆکەکەمان گوتارێکی 20 خولەکی پێشکێش دەکات، دوای ئەویش پارتەکانی دیکە قسە دەکەن. داواکاریی ئێمە ئەوەیە ئەمڕۆ ئەم یاسایە بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان پەسند بکرێت.
رووداو: باشە، ئایا تێبینیتان لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە هەیە؟ ئەگەر هەیە، لەسەر کام خاڵە؟
سەرحەد ئەرەن: بەڵێ، سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە، وەکو ئەوەی لە ناو رای گشتیدا باسی لێوە دەکرێت، ئەمە یاسای کۆتاییهێنانە بە شەڕ. ناوەڕۆکەکەی بە کورتی ئەوەیە ئەمە یاسایەکی زۆر فراوان نییە بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بەڵکو تەنیا سەرەتایەکە، بەڵام بێبایەخیش نییە. بەپێی ئەم یاسایە، ئەندامان و بەڕێوەبەران و لایەنگرانی پەکەکە، هەرکەسێک بن، دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن و بگەڕێنەوە وڵات و بەشداری لە سیاسەتی دیموکراسیدا بکەن. بەمەش نزیکەی 3 هەزار و 900 کەس لە زیندانەکان دەردەچن. هەروەها ئەوانەی بەهۆی گوشاری دەوڵەتەوە کۆچیان کردووە، کە رەنگە 10 هەزار کەس بن، لەگەڵ ئەوانەی لەسەر چیاکانن، دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ژیانی دیموکراسی. بڕیارە سبەی لیژنەکان پێکبهێندرێن بۆ ئەوەی میکانیزمێک دروست بکرێت، کە لیژنەیەک لەسەر ناوی کورد و لیژنەیەک لەسەر ناوی دەوڵەت دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی چەکدانان تەواو بکەن و دوای ئامادەکردنی راپۆرت و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: باشە، هیواتان هەیە ئەم پڕۆژەیاسایە کاتێک دەبێتە یاسا، رێگە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان بکاتەوە؟
سەرحەد ئەرەن: با ئەمە بڵێین؛ 100 ساڵە ئەم کۆمارە لە تورکیا دامەزراوە و 100 ساڵە زمان و ناسنامە و بوونی کوردیان قبووڵ نەکردووە. ناکرێت چاوەڕێ بین لە ساڵێک یان دوو ساڵدا ئەم عەقڵییەتە بگۆڕێت و مافەکانی کورد قبووڵ بکرێن. ئێمە دەڵێین تاوەکو ئێستا چارەسەری کێشەی کورد لە ناو زەمینەی شەڕدا بوو، ئێستا دەمانەوێت لە شەڕ دەربهێنین و بیبەینە ناو زەمینەی سیاسەت و یاسا و دیالۆگ. بۆیە ئەم یاسایە بنەمایە، بەڵام هەموو شتێک نییە. تێکۆشانی ئێمە دیاری دەکات کە چەند مافی زیاتر بەدەست دەهێنین؛ شەڕ کۆتایی دێت، بەڵام تێکۆشان بەردەوام دەبێت.
رووداو: مەرجێک هەیە لە ناو پڕۆژەیاساکەدا، ئەویش رادەستکردنی هەموو چەک و تەقەمەنییەکانە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە. ئێوە وەکو دەم پارتی چۆن لەم مەرجە دەڕوانن؟
سەرحەد ئەرەن: ئەوەی چەکەکان چۆن لەناو دەبرێن یان رادەستی کێ دەکرێن، هێشتا روون نییە و ئەو میکانیزمەی کە دروست دەکرێت بڕیاری لەسەر دەدات. بەڵام ئێمە بڕیاری چەکدانان بە ئەرێنی دەبینین. لە سیاسەتی تورکیادا 50 ساڵە شەڕ بەردەوامە و ئیتر کێشەی کورد بە چەک چارەسەر نابێت. پێویستە دیالۆگ و دانوستان بکەینە بنەما و هەموو هاوڕێیانمان لە ناو سیاسەتی دیموکراسیدا جێگەیان ببێتەوە. پێشتر سیاسەتڤانانی کوردیان بە تیرۆر تۆمەتبار دەکرد، بەڵام ئێستا سیاسەتی کوردی لە ناو کایەی دیموکراسیدا خۆی رێکدەخاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی باشە.
رووداو: ئایا ماوەی شەش مانگ بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بەسە بۆ چارەسەری ئەم پرسە قورسە؟ هەروەها کێ چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکات؟
سەرحەد ئەرەن: وەکو گوتم، دوو لیژنە پێکدێن؛ یەکێکیان لە پەرلەمان و ئەوی دیکەیان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، بەرگری و چەندین لایەنی دیکە لەخۆ دەگرێت. ئەوان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و دەبینن کێشەکان چین. سەبارەت بە ماوەی شەش مانگەکە، ئێمەش پێمان وایە زۆر کەمە و لانی کەم دەبێت ساڵێک بێت، بەڵام گوتراوە کە ئەو دوو لیژنەیە دەتوانن لە کاتی پێویستدا ئەو ماوەیە درێژ بکەنەوە.


