رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهی تورکیا رایگەیاند، پارتەکەی سەرجەم پەرلەمانتارانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە دەنگدانی پەرلەمانی تورکیادا بە پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، هەڵوێستیان بێلایەنانە بێت.
سەرۆکی پارتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیاسایە پەیوەندیی بە مافی هاووڵاتیی کوردەوە نییە، بەڵکو زیاتر لە ئاسانکاری و لێخۆشبوونێکی شاراوە بۆ گەریلاکانی پەکەکە دەچێت.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) گوتی، پەرلەمانتارانی پارتەکە لە کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی تورکیا دەنگی سپی (بێلایەن) بەکاردەهێنن.
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ باسی لەوەش کرد، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە بڕگەی "باش"ی تێدایە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، بۆیە نایانەوێت بە "نەخێر" دەنگ بدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی مافی سیاسی بۆ گەریلاکانی پەکەکە دەهێنێتە ئاراوە، ناتوانن بە "بەڵێ"ش دەنگی پێ بدەن.
ئەربەکان داوای کرد کە بڕیاری کۆتایی بخرێتە دەست گەل و پڕۆژەکە بخرێتە گشتپرسییەوە.
پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ یەکێک بوو لە هاوپەیمانە بەرچاوەکانی پێشووی ئاکپارتی، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2024ـەوە هێڵێکی سەربەخۆتری گرتووەتە بەر.
پارتەکەی ئەربەکان لە پەرلەمانی تورکیا خاوەنی 4 پەرلەمانتارە.
بڕیارە ئەمڕۆ پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی تورکیادا تاوتوێ بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.



