رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێت، پارتەکەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری وەک کارتێک بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا یان بەکارهێنانی لە هەڵبژاردنەکاندا بەکارناهێنێت.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لەبارەی ئەو رەخنانەی لە پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) دەگیرێن کە گوایە ببنە ئامرازێک بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا یان بەکارهێنانی وەک کارتێک لە هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاند، مەهەپە هیچ مەبەستێکی لەو جۆرەی نییە.
یڵدز ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی گۆڕینی دەستووری تورکیادا تەنانەت ئەگەر 597 پەرلەمانتاریش بە (بەڵێ) دەنگی پێبدەن و پەسند بکرێت، مەهەپە رژدە لەسەر ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی ئەو پرسە لەلایەن گەلی تورکیاوە دەبێت و لە رێگەی گشتپرسییەوە یەکلایی بکرێتەوە.
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) بە واژۆی 367 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمان کراوە و ئەم ژمارەیەش توانای یاسایی بۆ گۆڕینی دەستوور هەیە.
یڵدز راشیگەیاند، جگە لەم پڕۆژەیاسایە، پێویستییەک بە چاکسازی لە یاسای لێخۆشبوون، یاسای هەڵبژاردنەکان و یاسای پارتە سیاسییەکان هەیە تاوەکو زەوینە بۆ دەستوورێکی نوێ، راستەقینە و دیموکراسی خۆش بکرێت و هیوای خواست بەهاوبەشی پارتە سیاسییەکان کار لەسەر ئەوە بکەن.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بخاتە دەنگدانەوە.
سەبارەت بە گۆڕینی دەستوور و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان، مەهەپە وەک هاوپەیمانی سەرەکیی ئاکپارتی، هەوڵ دەدات ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە کە گوایە پرۆسەی چارەسەری و ئەو پڕۆژەیاسایەی پێشکێشی پەرلەمان کراوە رێگەخۆشکەرە بۆ گۆڕینی دەستوور بێ گەڕانەوە بۆ رای گشتی.



