رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) و لێکۆڵینەوەکانی سەر شارەوانییەکانی جەهەپە دەربڕی و رایگەیاند، ئاشتیی بەردەوام تەنیا بە دەرکردنی یاسایەک بەدی نایەت، بەڵکو بنەمای ئاشتیی هەمیشەیی بریتییە لە دادپەروەری، یاسا، متمانە و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی.
مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی تووندی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە، دانانی قەییوم و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ناکرێت لە لایەکەوە باس لە بەدیموکراسیکردنی تورکیا بکرێت و لە لایەکی دیکەوە ئۆپۆزیسیۆن و رکابەرە سیاسییەکان لە رێگەی دادگەوە سەرکوت بکرێن و گوتی: "دیموکراسی و یاسا بۆ هەمووانە. ناکرێت بەڵێنی یاسا بە بەشێک لە کۆمەڵگە بدرێت و بەشێکی دیکە بێبەش بکرێت."
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر چارەسەری پرسی کورد تەنیا وەک کارتێک بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن و مانەوە لە دەسەڵات بەکاربهێندرێت، کۆمەڵگە گومان لە راستگۆیی پرۆسەکە دەکات.
یاڤاش داوای کرد رێز لە بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بگیرێت و رێککەوتنی ئاشکرا لەژێر سەقفی پەرلەماندا بکرێتە بنەمای پرۆسەکە.
پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە واژۆی زیاتر لە 360 پەرلەمانتار رەوانەی پەرلەمان کراوە و لەلایەن لیژنەی داد پێداچوونەوەی پەسند کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە کۆدەبێتەوە.



