رووداو دیجیتاڵ
پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بە واژۆی 367 پەرلەمانتاری پارتە جیاوازەکان بۆ پەرلەمانی تورکیا، شەپۆلێکی تووندی کاردانەوە و ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی جەماوەری و رێکخراوەیی لێکەوتووەتەوە. هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپینێکیان دەستپێکردووە و داوا لە (پارتی نوێ) دەکەن دژ بەم یاسایە بوەستێتەوە و رایانگەیاندووە کە "گەل ئەم یاسایەی ناوێت."
دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا پەسند کرا، شەپۆلێکی ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک رێکخراوی مەدەنی لە تورکیا دەستیپێکرد. گوشارەکان زیاتر لەسەر (پارتی نوێ)ن کە لە 24ـی تەممووزی 2026 دوای جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل و 90 پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دامەزراوە.
ئەگەرچی پارتی نوێ، لە کاتی ناردنی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان، واژۆی نەکردووە، بەڵام سەرەڕای هەبوونی تێبینیی تەکنیکی لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، لە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا بە "بەڵێ" دەنگی داوە.
ئێستا دەنگە ناڕازییەکان داوا لە پارتی نوێ دەکەن لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگ بە پڕۆژەیاساکە نەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پارتی نوێ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا هەڵوێست و نەخشەڕێگەی پارتەکە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکەی لە پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، موساڤات دەروێشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، کە لە سەرەتاوە دژی پرۆسەی چارەسەرییە، لەبارەی پڕۆژەیاساکە رایگەیاند، دەنگدان و پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لە رێکەوتی 10ـی ئابەوە کە ساڵیادی پەیماننامەی سیڤەرە، مەرامێکی ناپاکی لە پشتە و داواشی لە پەرلەمانتارانی کرد بە "نەخێر" دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن.
دەروێشئۆغڵو گوتی: "بە پەرلەمانتارانی پارتەکەم دەڵێم، ئەو سوێندە مەشکێنن کە لەسەر دەستوور و یەکپارچەیی نیشتمان خواردووتانە. مێژوو و گەل لێتان خۆش نابێت ئەگەر دەست بۆ ئەم بەڵگەنامەی تەسلیمبوونە بەرز بکەنەوە."
مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی تووندی لەسەر پڕۆژەیاساکە هەیە. یاڤاش پێیوایە کە بەڵێندانی بە دیموکراسیکردن بۆ چینێک و بەکارهێنانی دادگە بۆ سڕینەوەی رکابەرە سیاسییەکان بۆ چینێکی دیکە، ئاشتی و ئارامی لە تورکیا بەدی ناهێنێت.
یاڤاش ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر چارەسەرکردنی پرسی کورد یان ئازادکردنی زیندانیکراوەکان تەنیا وەک کارتێکی هەڵبژاردن بۆ مانەوە لە دەسەڵات بەکاربهێنرێت، ئەوا رای گشتی و کۆمەڵگە بە جدی گومان لە راستگۆیی و مەبەستی سەرەکیی پرۆسەکە دەکەن.
هاوکات لە ئۆنلاین، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ بە دروشمی "گەلی تورکیا دەڵێت نەخێر" دەستی پێکردووە و داوای کۆکردنەوەی دەنگ دەکەن بۆ راگرتنی ئەو پڕۆژەیاسایە.
سەکۆی (کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جەنگ)یش دژایەتیی خۆیان بۆ هەر ئاسانکاری و رێکخستنەوەیەکی یاسایی دەربڕیوە کە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستەبەر کراوە.
هەروەها حوسنو بوزکورت، سەرۆکی کۆمەڵەی بیرۆکەی ئاتاتورک، ئاماژەی بە رێکەوتی پێشکێشکردنی پڕۆژەیاساکە کرد کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە 10ـی ئابی 1920 و ئەم هەنگاوەی وەک بڕیارێکی مەترسیدار ناوزەند کرد.
لەلایەکی دیکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێک بۆ رەتکردنەوەی پڕۆژەیاساکە دەستی پێکردووە و داوا دەکەن ئەگەر یاساکە رەتناکرێتەوە، ئەوا بخرێتە گشتپرسی.
پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا کە لەلایەن زۆرینەی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانەوە پشتگیری دەکرێت، هەوڵێکە بۆ رەخساندنی زەوینەی یاسایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی.
بەڵام ئەم هەنگاوە لەلایەن بەشێک لە رێکخراوە نەتەوەپەرستەکان، کەسوکاری قوربانیانی جەنگ و بەشێک لە رای گشتییەوە وەک سازشکردن و تەسلیمبوون بەرامبەر پەکەکە دەبینرێت و داوای رەتکردنەوەی پڕۆژەیاساکە دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە کۆببێتەوە.



