رووداو دیجیتاڵ
پارتی نوێـی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، بەرنامەی کاری ئەمڕۆی گۆڕی و بڕیاری دا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی داخراو لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان بکات. ئەمەش پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی نیشتمانی.
بڕیار بوو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە، 10ـی ئابی 2026، ئۆزگور ئۆزەل سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی (پارتی نوێ) بکات، بەڵام بەرنامەکە گۆڕدرا و نووسینگەی راگەیاندنی پارتەکە بڵاویکردەوە، کاژێر 10:00 کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی داخراوی فراکسیۆنی پارتەکە بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، دیاریکردنی نەخشەڕێگەی (پارتی نوێ) و هەڵوێستی پارتەکەیە بەرامبەر پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیادا تاوتوێ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە سەرۆکایەتیی ئۆزەل بەڕێوەدەچێت، هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە دەکرێت و بڕیاری کۆتایی دەدرێت کە ئایا پارتەکە لە کاتی دەنگداندا چ تێڕوانین و هەڵوێستێکی دەبێت.
لە کۆی 91 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (پارتی نوێ)، 11 پەرلەمانتار هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە بەوەی بە (نەخێر) دەنگ بە پڕۆژەیاساکە دەدەن.
رۆژی 9ـی ئاب، نورحەیات ئاڵتاجا کایشئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی نوێ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پارتەکەی لە کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چارەسەری لە پەرلەمان، بە "بەڵێ" دەنگ دەدات.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە بە ناوی "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" بە واژۆی فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا و دواتر جەهەپە، هوداپار و رێگەی نوێ پشتیوانی بوون و ئەوانیش واژۆیان کرد، رەوانەی لیژنەی دادی پەرلەمان کرا. لەوێش دوای زیاتر لە 18 کاژێر، پەسند کرا.
(پارتی نوێ) رەخنەی لە چەند مادەیەکی پڕۆژەیاساکە هەبووە و لەسەر ئەو بنەمایە واژۆی لەسەر رەشنووسەکە نەکرد، بەڵام لە لیژنەی داد واژۆیان کرد بۆ پەسندکردنی بەو مەرجەی رەخنەکانیان لەبەرچاو بگیرێت. لە بەرامبەردا فراکسیۆنی ئیی پارتی تاکە فراکسیۆن بوو دژایەتیی پڕۆژەیاساکەی کرد.
بڕیارە ئەمڕۆ ، 10ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاساکە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا دەنگی لەسەر بدرێت.



